ناس کورد-
بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى هەولێر ڕایگەیاند، 47 ئامێرى هەناسەدانى دەستکرد بۆ توشبووانى کۆۆرۆنا دابینکراوە و لە ئێستادا بڵاوبونەوەى کۆرۆنا خێرایە و لە هەوڵدان هێواشى بکەنەوە.
.
ئەمڕۆ وەزارەتى تەندروستى تۆمارکردنى توشبوویەکى دیکەى کۆرۆناى لە هەولێر ڕاگەیاند کە بەرکەوتەى توشبووەکەى خەلیفانە.
.
دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەرى تەندروستى هەولێر بە ڕۆژنامەنوسانى ڕاگەیاند "بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا خێرایە و هەموو هەوڵێکمان خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەى بڵاوبوونەوەى هێواش بکەینەوە یاخود نەیهێڵین، ئەوەش بە یارمەتى هاووڵاتیان دەبێت کە پابەندبن بە رێنماییەکانەوە".
.
وتیشى "ئەو توشبووەى ئەمڕۆ ڕاگەیەنرا بەرکەوتەى کەسوکارى توشبووەکەى خەلیفان بووە، ئێستاش سامپڵى هەڕەمەکیمان وەرگرتووە بۆ ئەوەى بزانین ڤایرۆسەکە لەشوێنى دیکە بڵاوبووەتەوە یاخود نا".
.
دلۆڤان محەمەد، باسى لەوەشکرد، ئەو خوێندکارانەى لە قوبرس گەڕاونەتەوە کەرەنتین دەکرێن و دواى تەواوبوونى ماوەى کەرەنتین پشکنینیان بۆ دەکرێت بۆ ئەوەى بزانرێت هەڵگرى ڤایرۆسەکەن یاخود نا.
.
لەبارەى ئامێرى هەناسەدانى دەستکردەوە، دلۆڤان محەمەد وتى "تەنها بۆ نەخۆشى کۆرۆنا ٤٠ ئامێرمان دابینکردووە، ژورى بازرگانیش حەوت ئامێریان دابین کردووە".
.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە