ناس کورد-
دەستکەوتنى گۆڕێک بەلاى سەعد مالک کە هەفتەیەک لەمەوبەر باوکى لەدەستدا بەهۆى توشبوونى بە کۆرۆناوە بووە بە خەون، بەهۆى ڕەتکردنەوەى ناشتنى بەشێوەى فەرمى و ناڕەزایی خەڵک لە ناشتنیان، چونکە پێیانوایە توشى ڤایرۆسەکەیان دەکات، ئەوەش تەرمەکەى لە پزیشکى داد هێشتووەتەوە.
.
مالک و سالم شەمەرى خزمى چەند ڕۆژێک لەمەوبەر کەرەنتینەیان بەجێهێشت، لەو کاتەشەوە هەوڵەکانیان شکستیهێناوە بۆ دابینکردنى گۆڕێک بۆ ناشتنى باوکى کە تەرمەکەى لە ساردکەرەوەى یەکێک لە نەخۆشخانەکانى بەغدایە.
.
مالک بەدڵێکى پڕ لە خەمەوە فرانس پرێسى وتووە، "ناتوانین تەرمى باوکم بنێژین، سەرەڕاى تێپەربوونى زیاتر لە هەفتەیەک بەسەر کۆچى دواییدا".
.
وتیشى، "مەعقوڵ نییە لەم عێراقە گەورەدایە، چەند مەترێک زەوى نەبێت بۆ ناشتنى ژمارەیەکى کەمى مردوو".
.
ڤایرۆسى کۆرۆنا تائێستا بووەتە هۆى گیانلەدەستدانى 42هاوڵاتى عێراقى و نەخۆشکەوتنى زیاتر لە 500 کەس، بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستى عێراق، بەڵام ئەو ژمارەیە ڕەنگە زۆر کەمتر بێت لە ژمارەى تەواوەتى توشبووان، چونکە نزیکەى دوو هەزار کەس لەکۆى نزیکەى 40 ملیۆن کەس پشکنینیان بۆ کراوە.
.
یەکێک لە هۆزە گەورەکانى باکورى ڕۆژهەڵاتى بەغدا، ڕێگریان لە تیمێکى وەزارەتى تەندروستى کرد کە چوار تەرمیان هەڵگرتبوو بۆ ئەوەى بیاننێژن لەو گۆڕانەى کە دەوڵەت بۆ توشبووانى کۆرۆناى تەرخانکردووە.
.
کاتێک تیمەکە هەوڵیاندا تەرمەکان لە ناوچەى نەهراوان لە باشورى ڕۆژهەڵاتى بەغدا بنێژن، دەیان کەس ناڕەزاییان نیشاندا، ئەوەش تیمەکەى ناچارکرد تەرمەکان ببەنەوە ساردکەرەوەکانى نەخۆشخانە.
.
شەمەرى دەڵێت، "ئۆتۆمبیلى پڕ لە چەکدار کە سەر بە هۆزەکان بوون، هەڕەشەیان لێکردین و وتیان ئۆتۆمبیلەکانتان دەسوتێنین ئەگەر تەرمەکان بنێژن، سەرەڕاى ئەوەى ئۆتۆمبیى پۆلیس هاوڕێیەتى دەکردین".
.
ئەو کێشەیە لە چەندین پارێزگا بوونى هەیە، لەناویاندا پارێزگاى نەجەف، بەوتەى کەسوکارى مردووەکان، دەسەڵاتداران شکستیان هێناوە لە وەرگرتنى مۆڵەتى ناشتنى تەرمەکان لە شارى کەربەلاش، بەهۆى ڕەتکردنەوەى داواکەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانى ناوچەکەوە.
.
یەکێک لە پزیشکەکان کە نەیویست ناوى بهێنرێت وتى، "داوامان لە دەسەڵاتدارانى نەجەف کردووە بۆ ئەوەى تەرمەکان لەوێ بنێژرێن، بەڵام ڕەتیانکردووەتەوە، بۆیە وەزارەت نەیتوانیوە چارەسەر بدۆزێتەوە".
.
"تەرمەکەمان ڕادەستبکەنەوە لەماڵەوە دەینێژم"، بەوتەى ئەو پزیشکە ئەوە وتەى مێردى یەکێک لەو ژنانە بووە کە بەهۆى توشبوونى بە ڤایرۆسەکە گیانى لەدەستداوە.
.
بەوتەى ئەو پزیشکە، ئەوە دۆخەکە لەکاتێکدایە کە تا ئێستا 42 کەس مردوون، ئایا دۆخەکە چى لێدێت ئەگەر خراپتر بێت، تەرمەکان لەکوێ دادەنرێن؟
.
بەپێی ئامارەکانى رێکخراوى تەندروستى جیهانى، لە عێراق تەنها 14 قەرەوێڵەى نەخۆشخانە هەیە بۆ هەر 10 هەزار کەس، ئەوەش بەراورد بە فەڕەنسا کە ڤایرۆسەکە بەسەر سیستمى تەندروستیدا زاڵ بووە زۆر کەمە، چونکە لەو وڵاتە بۆ هەر 60 کەسێک قەرەوێڵەیەک هەیە.
.
وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى عێراق لە گرتەیەکى ڤیدیۆیدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردووەتەوە دەڵێت، ئەو بیروباوەڕانەى باس لەوەدەکەن کە ڤایرۆسەکە لەرێگەى کەسانى مردووەوە دەگوێزرێتەوە، پشتى نەبەستووە بە هیچ بەڵگەیەکى زانستى، دەوڵەت ڕێوشوێنى پێویستى گرتووەتە بەر بۆ ناشتنى مردووەکان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە