ناس کورد-
بەهۆی تویتێكی هەڵەی ترەمپەوە كە لەبری ئەوەی ناوی دەزگایەكی پزیشكی بهێنێت و هێمای ئەو دەزگایە بنوسێت، ناوی هێمای هەژماری گەنجێكی سعودی دەنوسێت و بەوەش ئەو گەنجە دەبێتە خاوەن بەختێكی باش لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و ڕوداوەكەش دەبێتە مایەی گاڵتەکردن بە ترەمپ.
.
لەتویتێکیدا لەبارەى كۆرۆناوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا هەڵەیەك دەكات لەبری ئەوەی ئاماژە بۆ هەژمارى دەزگای تایبەت بەخۆراك و دەرمانی وڵاتەكەی كە كورتكراوەكەی (FDA) بدات، ئاماژەی بۆ @FDA كرد كە ئەوەش هەژماری گەنجێكی سعودیە بەناوی ئەبولفیدا.
.
ئەبولفیدا لەسنورێكی دیاریكراودا ناسرابوو كە گرتەی ڤیدیۆیی هەمەچەشنی لەسەر هەژمارەكانی یوتوب و سناپچاتەكەی بەناوی (سناپچاتەكانی ئەبولفیدا)وە بڵاو دەكردەوە، بەڵام دوای تویتە هەڵەكەی ترەمپ بووە خاوەن بەختێكی باش و هەزاران فۆڵۆ چووە سەر هەژمارەكانی و لەپاڵ ئەوەشدا دەیان كۆمێنتی گاڵتەئامێز بۆ ترەمپ نوسرا.
.
مەبەست لەتویتەكەی تڕەمپ ئەوە بوو داوا لەو دەزگایەی وڵاتەكەی بكات واژۆ لەسەر ڕەوانەكردنی كەرەستەی پزیشكی بكەن كە پارێزگاری ئۆهایۆ داوای كردبوو.
.
دوێنێ ئیدارەی ئەو دەزگایە، ڕێگەیدا چارەسەری كلۆرۆكین و هیدرۆكسیكۆرۆكین وەكو چارەسەر لەدژی كۆرۆنا تەنها لەناو نەخۆشخانەكاندا بەكاربهێنرێت كە ئەو دوو حەبە تایبەتە بە دژی مەلاریا و پێشتریش ترەمپ ئاماژەی بۆ ئەوە كردبوو هیوا لەسەر ئەو چارەسەرە لەدژی كۆرۆنا هەیە.
.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە