کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- ئەنتۆنى فاوشى ئەندامى تيمى كۆشكى سپى بۆ بەرەنگاربونەوەى ڤايرۆسى كۆرۆنا دەڵێت، پێشبينى ئەوە دەكات مليۆنان كەس لە ولايەتە يەكگرتوەكانى ئەمريكا توشى ڤايرۆسى كۆرۆنا ببن و بەهۆشيەوە 100 بۆ 200 هەزار كەس لە ئەمريكا گيان لەدەست بدەن. . ئەنتۆنى فاوشى كە سەرۆكى پەيمانگاى نيشتمانى ئەمريكى بۆ هەستيارى و نەخۆشيە گواستراوەكانيشە لەلێدوانێكدا بۆ كەناڵى "سى ئێن ئێن" ئاماژەى بەوەداوە، لەئێستادا زۆر قورسە پێشبينى ئەوە بكەيت كە بارودۆخەكە بەهۆى ڤايرۆسى كۆرۆناوە چى بەسەر دێت، بەڵام بە دڵنياييەوە مليۆنان كەس توشدەبن. . ئاماژەى بەوەشداوە، پێشبينى ئەوەش دەكات بەم نزيكانە چەندين شارى ئەمريكى كێشەى كەمى ئامێرى هەناسەدانيان بۆ دروست ببێت، بۆ نمونە لە شارى "نيو ئۆرلينز" كە يەكێكە لە گەورەترين شارەكانى ولايەتى لويزيانا لەماوەى هەفتەيەكدا كێشەى كەمى ئامێرەكەيان بۆ دروست ببێت. . ئەندامەكەى تيمى كۆشكى سپى بۆ بەرەنگاربونەوەى ڤايرۆسى كۆرۆنا ئەو پێشبينيانەش ڕەتدەكاتەوە كە باس لەوە دەكەن كۆرۆنا مليۆنێك يان زياتر ئەمريكى دەكوژێت و دەڵێت "شتێكى لەو جۆرە لە پێشبينيەكاندا نييە تا ماوەيەكى دور". . تائێستا نزيكەى 140 هەزار توشبووى ڤايرۆسى كۆرۆنا لە ئەمريكا تۆمار كراوە و ئەو وڵاتە بوەتە ناوەندى نوێى ڤايرۆسەكە، لەو ژمارەيە نزيكەى 2500 كەس گيانيان لەدەستداوەو نزيكەى 4500 توشبوش چاكبونەتەوە. .