گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پلازما پێنج توشبووى کۆرۆناى لە مردن ڕزگارکردووە، چۆن ئەوە ڕوویدا؟

2020.03.29 - 19:39
پلازما پێنج توشبووى کۆرۆناى لە مردن ڕزگارکردووە، چۆن ئەوە ڕوویدا؟
ناس کورد-   چاندنى پلازماى خوێنى ئەو توشبوانەى کۆرۆنا کە چاکبوونەتەوە لەجەستەى توشبوواندا، بووەتە هۆى چاکبوونەوەى پێنج توشبووى کۆرۆنا لە چین، ئەوەش بەپێی توێژینەوەیەک کە لە گۆڤارى جاماى پزیشکى بڵاوکراوەتەوە. . پزیشکەکان پلازماى خوێنى ئەو کەسانەیان بەکارهێناوە کە چاکبوونەتەوە و لە جەستەى توشبواندا چاندویانە، ئەوەش وەک هۆکارێک بۆ چارەسەر لەکاتێکدا هیچ ڤاکسینێکى دژى کۆرۆنا نەدۆزراوەتەوە. ئامانج لە بەکارهێنانى پلازماکە، چارەسەرکردنى نیشانەکانى کۆرۆنایە لەسەر جەسەى کەسانى توشبوو بە ڤایرۆسەکە و باشکردنى تواناى سیستەمى بەرگرى جەستە بۆ بەرهەمهێنانى دژە تەن بۆ بەرەنگاربوونەوەى کۆرۆنا. . دژە تەنەکان بریتین لە پڕۆتینێک کە دەبێتە هۆى پارێزگاریکردن لە تەندروستى مرۆڤ و لەناوبردنى بەکتریا و ڤایرۆس. بەپێی توێژینەوەکە، ئەو جۆرە پلازمایە لەسەر پێنج کەس تاقیکراوەتەوە کە تەمەنیان لەنێوان ٣٦ بۆ ٦٥ ساڵدا بووە و دوانیان ژن بوون، لە نەخۆشخانەى شنتشن لە چین، لەکاتێکدا ئەو کەسانە دۆخى تەندروستیان زۆر خراپ بووە. . نەخۆشەکان لەگەڵ پێدانى پلازماکە، دواى ڕۆژێک هەستیان بە باش بوون کردووە و لەماوەى ١٠ بۆ ٢٢ رۆژدا چاکبوونەتەوە، جەستەى هەریەکەشیان وەڵامدانەوەى جیاواز بووە بۆ چارەسەرەکە. ئەو نەخۆشانە لەژێر وەرگرتنى چارەسەردا بوون لە نەخۆشخانە، تا گەیشتنە قۆناغێک کە پێویستیان بە ئامێرى هەناسەدانى دەستکرد هەبوو بۆ پارێزگاریکردن لە ژیانیان، بەڵام بەهۆى بەرزبونەوەى پلەى گەرمى جەستەیانەوە روبەڕووى دۆخێکى قورس ببوونەوە و جەستەیان وەڵامدانەوەى نەبوو بۆ چارەسەرەکان، بەو هۆیەشەوە پزیشکەکان ناچاربوون پلازمایان بۆ بەکاربهێنن، ئەوەش بووەتە هۆى ئەوەى پلەى گەرماى جەستەیان کەمبێتەوە و ئەندامانى جەستەیان چالاکبێتەوە. .