کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- لەبارەی وەرگرتنی شیرینی نەوت و دەنگۆی دەستبەسەراگرتنی ملیارێک دۆلاری هەرێم، سەرۆکی حکومەت داوای کردووە سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی دەست بە لێکۆڵینەوە بکات و بە دواداچوون بۆ ئەو دەنگۆیانە بکرێن، داواشیکردووە هەرکەس زانیاری لایە هاوکاریان بکات. . لە ڕاگەیەندراوێکدا، جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە: "سەبارەت بە دەنگۆی وەرگرتنی 250 ملیۆن دۆلار وەک شیرینی نەوت لە کۆمپانیای رۆسنەفت و هەروەها دەنگۆی دەستبەسەرداگرتنی ملیارێک دۆلاری هەرێم لە وڵاتی لوینان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە کە سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی پێویستە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ ئەو دەنگۆیانە بکات". . ئاماژەی بەوەشكردووە، سەرۆکی حکومەت داواش لە هەموو لایەنەکان دەکات لەوبارەیەوە هاوکاریی داواکاریی گشتی بکەن بۆ ئەوەی راستییەکان بۆ خەڵک ئاشکرا بکرێت. . وتەبێژی حکومەتی هەرێم ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەر لە سەرەتای دەستبەرکاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستانەوە ، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەدیھێنانی شەفافییەت لە دامودەزگاکانی حکومەتدا، بەتایبەتی لە كەرتی دارایی و داھاتەكانی ھەرێمدا ئەرکێکی لە پێشینەی کابینەی نۆیەم بووە و لە سەریشی بەردەوام دەبن. . ئەمە لەکاتێکدایە، چەند ڕۆژێکە بابەتی بردنی 250 ملیۆن دۆلاری شیرینی نەوت لە کۆمپانیای ڕۆسنەفت و دەستبەسەرداگرتنی یەک ملیار دۆلاری پارەی حکومەتی هەرێم لە بانکێکی لوبنانی بڵاوکراوەتەوە.