گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەرلەمانتارێك: حكومەت خەڵكى سەرپشك كردوە لەنێوان مردن بە كۆرۆنا و مردن لە برسا

2020.03.28 - 18:03
App store icon Play store icon Play store icon
پەرلەمانتارێك: حكومەت خەڵكى سەرپشك كردوە لەنێوان مردن بە كۆرۆنا و مردن لە برسا

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- ئەندامىێكى ليژنەى ئاسايش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق ڕەخنە لە بێدەنگى حكومەت دەگرێت لەبارەى ئەو خێزانانەى داهاتيان سنوردارە و دەڵێت، حكومەت خەڵكى لەنێوان مردن بە كۆرۆنا و مردن لە برسا سەرپشککردووە. . سەعد مايع حلفى، ئەندامى ليژنەى ئاسايش و بەرگرى لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، لەترسى بڵاوبونەوەى ڤايرۆسى كۆرۆنا چەندين ڕێوشوێن گيراونەتەبەر لەوانەش قەدەغەى هاتوچۆ، ئەوەش كاريگەرى دەبێت و ڕۆڵى خۆى دەبينێت، بەڵام ئەگەر لايەنى مرۆيى تێدا لەبەرچاو گيرا. . ئاماژەی بەوەشكردووە، ڕێوشوێنەكان و قەدەغەى هاتوچۆ نەهامەتى ئەو خێزانانەى زياتر كردوە كە داهاتيان سنوردارە بە تايبەتى كە بەخێوكەرانى ئەو خێزانانە بە كارى ڕۆژانە بژێوى خێزانەكانيان دابين دەكەن. . ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت، گەلى عێراقى وێنەیەکی جوانى سۆز و بەزەييان پيشانداوە و هەندێک ڕێکخراوی خێرخوازی هاوکارییان بەسەر چەندين خێزاندا دابەشکردووە، ئەوەش واتاى ئەوە ناگەيەنێت كە حكومەت لە ئەركەكانى بەرامبەر گەلەكەى بەخشراوە، كە لە قەيرانێكەوە دەچێتە قەيرانێكى تر بەهۆى بەرژەوەندى تەسكى حزبايەتيەوە لەسەر حسابى بەرژەوەندى گشتى. . ئەندامەكەى ليژنەى ئاسايش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق ڕەخنەش لە بێدەنگى حكومەت دەگرێت لە بەرامبەر نەهامەتى ئەو خێزانانەى داهاتيان سنوردارە و دەڵێت، حكومەت گەلى سەرپشككردوە لەنێوان مردن بە ڤايرۆسى كۆرۆنا و مردن لە برسا. . حلفى داواش دەكات بڕێك پارە دابين بكرێت و مانگانە بدرێت بەو خێزانانەى موچەيان نييە بۆ ئەوەى پێداويستيەكانيانى پێ پڕ بكەنەوە لەو ماوەيەى كە قەدەغە هاتوچۆيە، هەروەها وەزارەتى بازرگانانى پابەند بكرێت بەوەى كە خۆراك و مادەكانى ناو فۆرمى خۆراك بە تەواوەتى و بە خێرايى دابين بكات. . لە هەرێمى كوردستانيش ئەنجومەنى فشار کە لە بەشێک لە مامۆستایانى ناڕازیی هەرێمى کوردستان پێکهاتوە ڕەخنەكانى ئاراستەى حكومەتى هەرێمى كوردستان كردوە و لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە: "جگە لە بەڵاى خراپی ئیدارەدانى ئێوە و بێکاری ئێستا، بەڵاى کۆرۆنا یەخەى میللەتى گرتووە و ئێوەش بەم بیانوەوە خۆتان لە بەرپرسیارییەتى و دابینکردنى بژێوى خەڵک دزیوەتەوە، موچەى موچەخۆرانیش کەوتوەتە گیرفانە بێ بنەکانتانەوە." . ئەوەش هاتوە، پێویستە سەرجەم پێداویستییەکان و دەرماڵەى مەترسى تایبەت بۆ نەخۆشخانەکان و ئەو کارمەندانەى تەندروستى کە لەکاردان دابینبکرێت و دواى کۆتایهاتنى موچەى مانگى 12ش راستەوخۆ دەست بەدابەشکردنى موچەى مانگى یەکی ئەمساڵ بکرێت، هەروەها بودجەیەکى تایبەت دیاریبکرێت بۆ هاوکارى خیزانى کەمدەرامەت و ئەو خیزانانەى کە کارەکانیان لەدەستداوە و لە ئێستادا بارى سەختى ژیانیان تەنگى پی ئەهڵچنیون، وەزارەتى پەروەردەش پلانێکى تۆکمە رابگەیەنێت سەبارەت بە وەرزى دوەمى خوێندن و دەستپیکردنەوەى دەوامى قوتابخانەکان. . بەهۆى بڵاوبونەوەى ڤايرۆسى كۆرۆناوە قەدەغەى هاتوچۆ لەسەرتارى عێراق و هەرێمى كوردستانيش ڕاگەيەنراوە، بەوەش چەندين كار و پيشە وەستاون و ئەوەش نەهامەتى سەر شانى ئەو خێزانانەى زياتر كردوە كە بژێويان لەسەر كارى ڕۆژانەيە، ئەوەش سەرەڕاى ئەوەى نزيكەى 50 ڕۆژە موچەى زۆرێک لە فەرمانبەران و مامۆستايان لە هەرێم دابەش نەكراوە.