گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەو پارەیەی سەرۆکی حکومەت بۆ دەربەندیخانی تەرخانکرد هێشتا نەگەیشتووە

2020.03.28 - 17:21
App store icon Play store icon Play store icon
ئەو پارەیەی سەرۆکی حکومەت بۆ دەربەندیخانی تەرخانکرد  هێشتا نەگەیشتووە

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد - شەهرام عەزیز لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە قەزای دەربەندیخان و کەرەنتینەکردنی قەزاکە، سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ بەرەنگاربوونەوەی دۆخەکە تەرخانکردنی بڕێک پارەی تایبەتی بۆ قەزاکە ڕاگەیاند، قائیماقامی دەربەندیخانیش دەڵێت، تائێستا پارەکە نەگەیشتووە و بەڕێگاوەیە.  .

ڕۆژی 21ی ئازاری 2020، یەکەمین توشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە قەزای دەربەندیخان تۆمارکرا و بەهۆی ئەوەی کەسەکە کەرەنتین نەکرابوو، ژمارەکە بەخێرایی بەرەو هەڵکشان چوو، دواتر لە بەرواری 24ی ئازار وتەبیژی حکومەتی هەرێم ڕاگەیاند: "بە فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بودجەیەکی تایبەت بۆ ئیدارە و بەشی تەندروستیی قەزای دەربەندیخان تەرخانکرا بۆ روبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا".

. ناسیح حەسەن، قائیمقامی قەزای دەربەندیخان بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "تاوەکو ئێستا پارەکە نەگەیشتووەتە دەستمان و بەڕێگاوەیە، پێدەچێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بگات، ناشزانین بڕەکەی چەندە و هیچمان پێنەوتراوە، تەنها چاوەڕوانین بۆمان بنێرن". .  وتیشی، تاوەکو ئێستا لە قەزاکە هیچ شوێنێک نییە بۆ نەخۆشانی کۆرۆنا و لەئێستادا نەخۆشخانەیەکی تایبەت بڕیاریداوە، نەخۆشخانەکە تەرخان بکات بۆ ئەو مەبەستە و لە سبەینێوە دەست بە کارەکانیان دەکەن و ڕەنگە لەم هەفتەیەوە بتوانن نەخۆش وەرگرن و چەند خێرخوازو سەرمایەدارێکیش بڕیاری دروستکردنی نەخۆشخانەیەکیان داوە". .  قائیمقامی قەزای دەربەندیخان ئاماژەی بەوەشکرد: "کەرتی تەندروستیی قەزاکە خۆی لە خۆیدا زۆر خراپ بوو، لەدوای بومەلەرزەکەی ساڵی 2017ش هێندەیتر وێران بوو، نەخۆشخانەیەکمان ڕوخاند تا بۆمان دروستبکەنەوە، بەڵام تائێستا دەست بە کارەکانی نەکراوە، واتە تائێستا نەتواندراوە کەرتی تەندروستیی دەربەندیخان بگەڕێندرێتەوە بۆ دۆخە خراپەکەی پێش 2017ش". . ناسیح حەسەن جەختیکردەوە، لەئێستادا لەگەڵ ئەو هاوکارییانەی سەرمایەداران و خێرخوازان دەیکەن، چاوەڕوانن پارەکەی حکومەت بگاتە دەستیان، تا بتوانن کارێکی پێبکەن. . ئەمە لەکاتێکدایە، چەند جارێک وەزیری تەندروستیی هەرێم دۆخی دەربەندیخانی بە تایبەت و مەترسیدار ناوبردووە بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.