گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چاوەڕوانى وەڵامى کۆمپانیاکانە

بەهۆى دابەزینى نرخى نەوتەوە، عێراق داوایەک ئاڕاستەى کۆمپانیا نەوتییەکان دەکات

2020.03.28 - 10:50
بەهۆى دابەزینى نرخى نەوتەوە، عێراق داوایەک ئاڕاستەى کۆمپانیا نەوتییەکان دەکات
ناس کورد- ژمارەیەک بەرپرسى عێراقى و چەند سەرچاوەیەک لە کەرتى نەوت ڕایانگەیاند، بەغدا پێشنیازێکى ئاڕاستەى سەرجەم کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان کردووە بۆ کەمکردنەوەى بودجەى گەشەپێدانى کێڵگەکان بەڕێژەى 30%، بەهۆى کاریگەرى دابەزینى نرخى نەوت و کەمبوونى داهاتەوە. . بەپێی ئاژانسى رۆیتەرز، بەرپرسە عێراقییەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، کە دابەزینى نرخى نەوت، وەزارەتى نەوتى ناچارکردووە پێداچونەوە بکات بە پلانەکانى لەبارەى چۆنیەتى پێدانى شایستە داراییەکانى کۆمپانیاکان لە شەش مانگى سەرەتاى ئەمساڵدا، تا ئێستاش وەزارەت چاوەڕوانى وەڵامى کۆمپانیاکانە لەبارەى پێشنیازەکە. . بەرپرسێکى گەورە لە کۆمپانیاى نەوتى بەسرە کە لەلایەن حکومەتەوە بەڕێوەدەبرێت وتى "عێراق پێشنیازى بۆ کۆمپانیاکان کردووە خەرجییەکانیان بەڕێژەى 30% کەمبکەنەوە، بەمەرجێک کاریگەری نەبێت لەسەر بەرهەمهێنانى نەوت". . وتیشى "تا ئێستا بودجەى ئەمساڵ پەسەندنەکراوە، کەمبونەوەى نرخى نەوتیش بارودۆخەکە خراپتر دەکات، بۆیە پێویستمان بەوەیە بەڵێندەرە بیانییەکان تەواوى هەوڵى خۆیان بدەن و خەرجییەکان کەمبکەنەوە و وەرگرتنى شایستە داراییەکانیان دوابخەن". . لاى خۆیەوە، سەرچاوەیەک لەیەکێک لە کۆمپانیا بیانییەکان وتى "پەیامەکەمان پێگەیشتووە، بەڵام هێشتا بڕیارمان نەداوە لەبارەیەوە". . عاسم جیهاد وتەبێژى وەزارەتى نەوتى عێراق رایگەیاند، گفتوگۆکان هەمیشە کراوەن لەبارەى زۆرێک پرسى تەکنیکى و دارایی هاوبەش، بەردەوام دەبن لە گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە لەبارەى ئەو پرسانەى جێگەى بایەخى هەردوولان.