کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- هەرچەندە چارەسەری كلۆرۆكین لەلایەن ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیەوە ڕەتكراوەتەوە بۆ توشبووانى کۆرۆنا، بەڵام لەئێستادا فەڕەنسا تاوتوێى بەكارهێنانی دەكات. . وەزارەتی تەندروستی فەڕەنسا جەختی لەسەر ئەوە كردووەتەوە، لەئێستادا دەتوانرێت ئەو دەرمانە بەشێوەیەكی كاتی بۆ ڕزگاركردنی ئەو توشبووانە بەكاربهێنرێت كە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە. . بەرەو پێشچوونەكانی ئەمدواییە وتەكانی پرۆفیسۆری فەڕەنسی دیدییە ڕاوڵی كە پسپۆڕی لەڤایرۆسەكاندا هەیە پشتڕاستكردووەتەوە، كەپێشتر ڕایگەیاندبوو ئەو دەرمانەی بۆ چەند نەخۆشێك وەكو تاقیكردنەوە بەكارهێناوە و كاریگەریی هەبووە لەدژی ڤایرۆسی كۆرۆنا. . ئەو دەرمانە دوای ئەوەی لەچەند وڵاتێكی ئەفریقیا لەدژی بڵاوبوونەوەی تای مەلاریا بەكارهێنرا، تایبەتمەندییەكی ئەرێنی پێبەخشی و بەوەش پاڵی بەچەند وڵاتێكی ئەفریقیاوە ناوە تاوتوێ بەكارهێنانی لەدژی ئەو ڤایرۆسە بكەن بۆ ئەوەی ڕێگری لەتەشەنەسەندنی لەو كیشوەردا بكرێت. . بەڵام كاریگەرییەكانی چارەسەرە نوێیەكە هێشتا لەناوەندە تەندروستیەكانی فەڕەنسا و دەرەوەی ئەو وڵاتەدا مشتومڕی لەسەرە، بەتایبەتی دوای ئەوەی لەلایەن ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیەوە ڕەتكراوەتەوە و لەلایەن چەندین پزیشكی پسۆڕیشەوە هۆشداری لە شوێنەواری نەرێنی ئەو دەرمانە دراوە. . ئێستاش لەچاوەڕوانی دۆزینەوەی ڤاكسینێك لەدژی كۆرۆنا، كلۆرۆكین وەكو چارەسەرێك دەردەكەوێت كە چەكێك بێت لەدژی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ئومێدێكی بچوك بە توشبووانی ڤایرۆسەكە ببەخشێت بۆ ئەوەی ژیان لەدەستنەدەن.