کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- دوای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەوڵاتانی جیهاندا، لەئێستادا بەڕێگای جیاجیا هەوڵی قەڵاچۆكردنی دەدرێت، یەکێک لەسەیرترین هەوڵەکانیش ئەوەیە ڕێكخراوێكی تایبەتمەندی بەریتانیا دەیەوێت لەڕێگەی بەكارهێنانی سەگەوە هەڵگرانی ڤایرۆسەكە ئاشكرا بكات و سوریشە لەسەر بەدەستهێنانی ئەنجامی باش لەسەر ئەو پرسە. . لەڕاپۆرتێكیدا تۆڕی هەواڵی (بی بی سی)، ئەوەی ئاشكرا كرد، ڕێكخراوی (كنە و پشكینی پزیشكی لەڕێگەی سەگەوە) كە دامەزراوەیەكی قازانج نەویستە لەبەریتانیا، دەستی كردووە بەتاقیكردنەوەیەك لەڕێگەی بەكارهێنانی سەگەوە بۆ ئاشكراكردنی ئەوانەی توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون. . بەپێی ئەو میدیا بەریتانیە، لەماوەكانی ڕابردودا ئەو ڕێكخراوە لەبەكارهێنانی سەگ بۆ زانینی توشبووانی مەلاریا و شێرپەنجە و پاركنسۆن سەركەوتووبون. لەئێستاشدا ئەو ڕێكخراوە بەهاوكاری زانكۆی دۆرهام سەرقاڵی تاقیكردنەوەیەكە بۆ ئەوەی سەگی پۆلیسی بەمەبەستی زانینی توشبووانی كۆرۆنا بەكاربهنێرێت بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا بۆ ئاشكراكردنی ئەو پەتایە سودی دەبێت. . كلێر گیست، سەرۆكی ئەو ڕێكخراوە دەڵێت"لەقۆناغی ئەزمونكردنی تاقیكردنەوەكەداین بۆ ئەوەی بتوانن بۆنی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەڕێگەی بەكارهێنانی سەگەوە بناسرێت". . جەختی لەوەش كردووەتەوە، بڕوای تەواویان بەوە هەیە سەگەكان بتوانن بۆنی ڤایرۆسی كۆڤید 19 بناسنەوە. . وتوشیەتی، ئەگەر لەو كارەدا سەركەوتووبون ئەوا دواتر دەتوانرێت ئەو سەگانە بۆ پشكنینی هەموو كەسێك بەوانەشەوە كە نیشانەكانی توشبوون بەڤایرۆسەكەیان پێوە دیارنیە بەكاربهێنرێت. . لای خۆشیەوە، پرۆفیسۆر گێمس لۆگان، سەرۆكی بەشی كۆنترۆڵكردنی نەخۆشیەكان لەبەریتانیا ڕایگەیاندووە، بەپێی توێژینەوەكانی پێشوو، دەركەوتووە سەگە تایبەتمەندەكان دەتوانن بۆنی پەتای مەلاریا ئاشكرا بكەن و بناسنەوە بەشێوەیەكی زۆر وردتر لەو پێوەرانەی تەندروستی جیهانی بۆ دۆزینەوەی نەخۆشیەكە بەكاریدەهێنن. . ڕێكخراوەكەش دەڵێت، هەموو نەخۆشییەك بۆنێكی تایبەت بەخۆی هەیە و ئەوەش ئاسانكارییەكە بۆ ناسینەوەی. پرۆفیسۆر ستیڤ لیندسی، كەمامۆستایە لەبەشی زیندەگی زانكۆی دۆرهام دەڵێت، دەتوانرێت سەگەكان لەفڕۆكەخانەكاندا بۆ ئاشكراكردنی هەڵگرانی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەشێوەیەی خێرا بەكاربهێنرێن. . باسی لەوەش كردووە، سەگەكان دەتوانن لەماوەی 6 هەفتەدا بۆ هاریكاریكردنی پشكنینە خێراكان ئامادە بكرێن. وتوشیەتی، ئەوەش یارمەتی دەرنەكەوتنی جارێكی تری سەرهەڵدانی ڤایرۆسەكە دەدات دوای ئەوەی كۆنترۆڵكرا. .