کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا داوای ئاگربەستی مرۆیی دەکات، ئاماژەی بەوەشكردووە، هیچ کردەوەیەکی سەربازی ئەنجام نادەن و دەستبەجێ پابەندن بە ئاگربەستەوە، چونکە تەندروستیی سوریا بەرگەی شەڕی دیکە ناگرێت. . راگەیەندراوێکدا فەرماندەیی گشتیی هەسەدە ڕایگەیاند، بە لەبەرچاوگرتنی هەڕەشەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆسەر هەموو جیهان، پابەندین بە هەوڵە جیهانییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو پەتایە. . ئاماژەی بەوەش کردووە: "کەرتی تەندروستی و ناوەندە تەندروستییەکان بەهۆی جەنگەوە لە سوریا داتەپیوە، هەربۆیە دۆخی سوریا بەرگەی جەنگ و پەلاماری دیکە ناگرێت، بۆیە ئێمە وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ بانگەوازەکەی ئەنتۆنیۆ گۆتەرێز، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پابەند دەبین بە ئاگربەستی مرۆییەوە". . لە ڕاگەیەندراوەکەیدا هەسەدە جەختیکردووەتەوە: "هەر جەنگێکی دیکە لە سوریا ئاوارەبوونی خەڵکێکی زۆری لێدەکەوێتەوە و ئەوەش دەبێتەهۆی خێرا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و کاریگەریش دەکاتە سەر ئەو ژێرخانە تەندروستییەی کە ماوە و کارەساتی تەندروستیی دروست دەبێت". . هاوکات داوای لە سەرجەم لایەنەکانی سوریا کردووە، هیچ کردەوەیەکی سەربازی ئەنجام نەدەن و پابەندبن بە ئاگربەستی مرۆیی و ئەوان پابەند دەبن و خۆیانب بەدور دەگرن لەهەر کردەوەیەکی سەربازی.