کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- شەهرام عەزیز
پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لەشاری سلێمانی كۆدەبنەوە و پارتی لەبارەی زیادكردنی جێگرێكی دیكە بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەوڵی رازیكردنی بزوتنەوەی گۆڕان دەدات.
کەمال کەرکوکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و ئەندامی شاندی دانوستانكاری پارتی تایبەت بە ناس كورد-ی راگەیاند "کاتژمێر 11ی ئەمڕۆ شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی دەکات و لەگەڵ شاندێکی گۆڕاندا کۆدەبێتەوە".
بەپێی زانیارییەكانی (ناس كورد)، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دەکرێت و پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە ڕێکكەوتنەکەی لەگەڵ یەکێتیدا ڕازی بووە جێگرێک بۆ سەرۆکی هەرێم زیاد بکرێت، ئەمڕۆ ئەو پێشنیازە بە بزووتنەوەی گۆڕان ڕادەگەیەنێت و هەوڵی رازیكردنی گۆڕان لەو بارەیەوە دەدات.
چالاک موهەندیس، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان بە ناس کورد-ی وت "هەر گۆڕانکارییەک لە پۆستەکاندا بکرێت لادانە لە ڕێکكەوتنەکەی نێوان گۆڕان و پارتی و زیادکردنی جێگرێک بۆ سەرۆکی هەرێمیش پەشیمانبوونەوەی پارتییە لە ڕێکكەوتنەکە".
بەوتەی ئەندامەكەی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان، هەر کارێکی لەو شێوەیە بکرێت یاخود پێشنیاز بکرێت، هەڵوێستیان دەبێت و ڕازی نابن پێی.