ناس کورد-
ڕۆژنامەیەکى بەریتانى بڵاویکردەوە، بەشێک لە وڵاتانى ئاسیا خۆیان ئامادە دەکەن بۆ شەپۆلى دووەمى پەتاى کۆرۆنا، لەکاتێکدا سنورەکانیان داخستوە و گەشتیارانیان کەرەنتینە کردووە و توانیویانە کۆنترۆڵى شەپۆلى یەکەمى پەتاکە بکەن.
.
ڕۆژنامەى دەیلى تەلەگرافى بەریتانى لە راپۆرتێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، هۆنگ کۆنگ هۆشداریداوە لە زیادبوونى ژمارەى توشبووان، لەناو ئەو کەسانەدا کە دێنە وڵاتەکەوە و لە وڵاتانى دیکەوە دەگەڕێنەوە، ئەوەش دۆخى زۆربەى وڵاتانى ئاسیایە، دواى ئەوەى سەرکەوتوو بوون لە بەرەنگاربوونەوەى شەپۆلى یەکەمى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە.
.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، وڵاتانى کۆریاى باشور و تایوان، دواى ئەوەى سەرکەوتوو بوون لە گەمارۆدانى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە لەناو هاوڵاتییەکانیاندا، لە ئێستادا خۆیان بۆ گەمارۆدانى توشبووانى نوێ ئامادەکردووە کە لە وڵاتانى دیکەوە دەگەڕێنەوە، بەتایبەتى لە ئەوروپا و ئەمریکاوە کە بوونەتە شوێنى نوێی بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە.
.
ئەوەش خراوەتەڕوو، هۆنگ کۆنگ لە ئێستادا بەستنى ئامێرێکى ئەلیکترۆنى بەسەر گەشتیاندا سەپاندووە، کە پەیوەستە بە ئەپێکى مۆبایلەوە، ئەوەش بۆ ئەوەى دەسەڵاتداران شوێنپێیان هەڵبگرن و شوێنەکانیان بزانن، تا کەس نەتوانێت ناوچەى دابڕێنراو یان کەرەنتیکراو ببەزێنێت.
.