گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

 زانیاری نوێ؛ ئەگەری هەیە توشبوی ڤایرۆسی کۆرۆنا بیت بەڵام بەخۆت نەزانیت

2020.03.23 - 11:58
 زانیاری نوێ؛ ئەگەری هەیە توشبوی ڤایرۆسی کۆرۆنا بیت بەڵام بەخۆت نەزانیت
ناس کورد- ڕۆژنامەیەکی چینی، بڵاویکردەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و نیشانەکانی ڤایرۆسەکەیان تێدا دەرنەکەوتووە ڕێژەیان دەگاتە یەک لەسەرسێی کۆی ئەو کەسانەی کە توشی ڤایرۆسەکە بوون و نیشانەی نەخۆشییەکەیان بەڕوونی تێدا دەرکەوتووە. . بە گوێرەی هەواڵێکی ڕۆژنامەی"ساوس مۆڕنێنگ پۆست"ی چینی، کە لە داتاکانی  دەستەی نیشتیمانی تەندروستی چین وەریگرتووە:"ژمارەی ئەو کەسانەی توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبن و نیشانەی نەخۆشییەکەیان تێدا دەرناکەوێت و بێ ئەوەی بە خۆیان بزانن ڤایرۆسەکە دەگوێزنەوە بۆ کەسانی تر زۆر زیاترە لەوەی کە پێشتر زانراوە". . ئاماژەش بەوە کراوە، لە سەرەتای مانگی شوباتی ڕابردوودا و لە گەرمەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا زیاتر لە 43 هەزار کەس وەک توشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا کەرەنتینەکراون بێ ئەوەی نیشانەی نەخۆشییەکەیان تێدا دەرکەوێت، بەڵام حکومەتی چین لە دوایشدا ئەو کەسانەی نەخستووەتە پاڵ ژمارەی گشتی توشبووان بە ڤایرۆسەکە لەوڵاتەکەیدا. . ڕۆژنامەی" ساوس مۆڕنێنگ پۆست" ی چینی لە هەواڵەکەیدا ئەوەشی خستوەتە ڕوو، ئەو زانیاریانەی کە دەزگا تەندروستییەکانی چین  سەبارەت بەو بابەتە بڵاویانکردوەتەوە زۆر گرنگە بۆ ئەو وڵاتانەی کە ئێستا گیرۆدەی نەخۆشییەکە بوون، هەرچەندە کە تائێستا زانایان ئەوەیان نەسەلماندوە تاچەند ئەو کەسانەی کە نیشانەکانی نەخۆشییەکەیان تێدا دەرناکەوێت دەتوانن ڤایرۆسەکە بگوازنەوە بۆ کەسانی دیکە بێ ئەوەی بەخۆیان بزانن. . بەگوێرەی ڕۆژنامە چینیەکە، ژمارەی ئەو زانایانەی کە باوەڕیان وایە ڤایرۆسەکە بە شێوەیەکی کارا لەو کەسانەی کە نیشانەی نەخۆشییەکەیان تێدا دەرناکەوێت بە ئاسانی دەگوازرێتەوە بۆ کەسانی ساغ  ڕۆژ بەڕۆژ لە بەرزبوونەوەدایە، گومانیشیان لەو زانیاریانەیە کە پێشتر ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بڵاویکردبوەوەکە کە تیایدا ئاماژە بەوەکراوە کە ڕێژەی ئەو کەسانەی کە نیشانەی ڤایرۆسی کۆرۆنایان تێدا دەرناکەوێت لە نێوان 1 بۆ 3 % دایە. . هاوکات،هیرۆشی نیشیورا، زانای نەخۆشییە گوازراوەکان لە زانکۆی" هۆکایدۆ"ی ژاپۆنی، لە ڕاپۆرتێکیدا بۆ یەکێک لە گۆڤارە تەندروستییە نێو دەوڵەتییەکان، ئاماژەی بەوەکردوە:" ڕێژەی ئەو هاوڵاتییە ژاپۆنیانەی کە لە شاری ووهان گەڕاونەتەوە و نیشانەکانی توشبوویان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تێیاندا دەرنەکەوتووە 30.8% بووە". . نیشیورا، لە ڕاپۆرتەکەیدا، جەختی لەوە کردوەتەوە:"ئەگەری زۆرە نیشانەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە تەواوی لەناو منداڵاندا بەروونی دەرنەکەوێت بەراورد بە کەسانی بەساڵاچوو". . شارەزایان پێیانوایە، ئەو ڕێکارانەی کە هەردوو وڵاتی چین و کۆریای باشور گرتوویانەتە بەر لە پشکنینکردن بۆ ئەو کەسانەی کە تێکەڵ بە نەخۆشەکە بوون، ڕێکارێکی دروستە وکاریگەری زۆریشی هەبوە لە گەمارۆدانی نەخۆشییەکە، بە پێچەوانەی وڵاتانی ئەمریکا، بەریتانیا و ئیتاڵیا کە پشکنین بۆ ئەو کەسانە ناکەن کە تێکەڵ بەکەسی توشبو بوون،  تەنها پشکنین بۆ ئەو پزیشکانە دەکەن کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەرکەوتنیان لەگەڵ نەخۆشەکاندا هەیە. .