کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- مەسرو بارزانی، سەرۆکى حکومەتى هەرێم داوا لە هەموو هاوڵاتیان و دانیشتووانی هەرێم دەکەم کە پابەندی رێنماییەکانی هەردوو وەزارەتی تەندرووستی و ناوخۆ بن بۆ ئەوەی رێگە لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا بگیرێت. . ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ی ئازاری 2020، مەسرور بارزانی لە پەیامێکدا سەرەڕای ئاگادارکردنەوە و گرتنەبەری هەموو رێکارە پێویستەکان لە لایەن دامودەزگاکانی حکومەتەوە دەڵێت، "بەداخەوە هێشتا لەلایەن هەندێک کەسەوە سەرپێچیکردن بەردەوامە و بەو رەفتارەشیان نەک هەر ژیانی خۆیان بەڵکو ژیانی کەسوکاریان و سەرجەم خەلکی کوردستان دەخەنە مەترسییەوە." . دەشڵێت، "بەداخەوە ژمارەی تووشبووان لە هەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش لە پارێزگای سلێمانی لە هەڵکشاندایە، هۆکارەکەش ئەوەیە کە وەک پێویست هاوکاریی دامودەزگا پەیوەندیدارەکان ناکرێت و رێکارەکان لە لایەن ژمارەیەک خەلکەوە جێبەجێ ناکرێن و پێشێلکاریش لە خالە سنووریەکان بەردەوامە." . "هیچ بەرژەوەندییەکی تایبەت ئەوە ناهێنێت ژیانی خۆتان و خەلکیش بخەنە مەترسییەوە. لێرەدا بە پێویستی دەزانم دامودەزگاکانی پەیوەندیداری حکومەت رێکاری توندتر بەرامبەر بە سەرپێچیکاران بگرنەبەر و ئەوانەی یاری بە ژیانی خەلک دەکەن ڕووبەڕووی یاسایان بکەنەوە." . دەشڵێت، "هیوادارم هاووڵاتیانی خۆشەویستیش مەترسیی ئەو پەتایە زیاتر بە جددی وەرگرن. ئەوەی لەسەر حكومەت بووە کردوومانە و بەردەوامیش دەبین، بەڵام پێویستە هەموومان هاوکاری یەکتر بین، رۆڵی حکومەت و هاووڵاتیان لەم دۆخەدا تەواوکەری یەکترە." . ئاماژەى بەوەشکرد، "توانای سیستەمی تەندروستیی هەرێم سنووردارە و لە کاتی بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتاکە کێشەکان زیاتر دەبن و ئەو کاتیش گلەیی فریای کەس ناکەوێت. هەر بەهەندوەرنەگرتن یان کەمتەرخەمییەک دەتوانێت ئەنجامی کارەساتباری هەبێت. لەسەر هەموو کەس و لایەنێک پێویستە واز لە بەرژەوەندیی تایبەت بهێنن و خەمی گشتیی خەلکی کوردستان بکەن بە خەمی خۆیان، چونکە کەس لە ئاسەوار و کاریگەرییەکانی ئەم پەتایە بەدەر نابێت." . لەکۆتاییدا "تکا لە هەموو هاوڵاتییانی کوردستان دەکات "بە هەستێکی بەرپرسیارانە ڕینماییەکان ڕەچاو بکەن و ژیانی خۆیان و کەسوکاریان و هاونیشتمانیان بپارێزن. تکاتان لێدەکەم لەم ماوە دیاریکراوەدا لەماڵەوە بمێننەوە و کەمترین پەیوەندیی و هاتووچۆتان هەبێت." .