گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لایەنە کوردییەکان چاوەڕوانى کۆدەنگى شیعەن بۆ بڕیاردان لەبارەى زورفی

2020.03.21 - 13:48
App store icon Play store icon Play store icon
لایەنە کوردییەکان چاوەڕوانى  کۆدەنگى شیعەن  بۆ بڕیاردان لەبارەى زورفی

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد-   لایەنە کوردییەکان چاوەڕوانن ناو ماڵى شیعە خۆیان لەبارەى عەدنان زورفى راسپێردراو بۆ پێکهێنانى حکومەت یەکلابکەنەوە، تا ئەوانیش هەڵوێستى خۆیان لەبارەوە ڕونبکەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا چاویان لە زورفییە کە هەڵوێستى خۆى لەبارەى کوردەوە ڕابگەیەنێت. . لەدواى ڕاسپاردنییەوە بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێی حکومەت لەهەفتەى ڕابردوودا، تا ئێستا لایەنە کوردییەکان هیچ هەڵویستێکیان لەبارەى عەدنان زورفییەوە ڕانەگەیاندووە، لەکاتێکدا بەشێکى زۆر لە لایەنە شیعییەکان دژى کاندیدکردنى وەستاونەتەوە. . ڤیان سەبرى، سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى عێراق بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "چاوەڕوانى ئەوەین بزانین کۆدەنگى شیعە لەو بارەیەوە بەکوێ دەگات"، بەبێ ئەوەى هیچ قسەیەکى دیکە لەو بارەیەوە بکات. . لایەنە کوردییەکان جارى پێشوو چوونە پاڵ بەرەى نەیارى متمانەدان بە کابینەکەى محەمد عەلاوى راسپێردراو بۆ پێکهێنانى حکومەت کە شکستیهێنا متمانەى پەرلەمانى وەربگرێت، بەڵام تا ئێستا دیار نییە ئەمجارەیان چ هەڵوێستێک نیشان دەدەن لەبارەى زورفییەوە کە لەناو شیعەکانیشدا ناکۆکى هەیە لەبارەیەوە. . عەدنان زورفى راسپێردراو بۆ ێکهێنانى حکومەت تا ئێستا کۆبوونەوەى لەگەڵ لایەنەکان دەستپێنەکردووە بۆ پێکهێنانى کابینەکەى، تەنها کارنامەى کارکردنى ڕاگەیاندووە کە لەخاڵێکیاندا باسى یەکلاکردنەوەى کێشە هەڵپسێردراوەکانى نێوان هەرێم و بەغدا دەکات. . شیروان میرزا، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکیسۆنى یەکێتى بە ناس کوردى ڕاگەیاند "لایەنە کوردییەکان چاوەڕوانى هەڵویستى زورفین لەبارەى کوردەوە، لەگەڵ ئەوەشدا چاوەڕوانى کۆدەنگى ناو ماڵى شیعەن". . وتیشى "لەئەگەرى یەکلانەبونەوەى کۆدەنگى شیعەدا لەسەر زورفى، قورسە کورد و سوننەش هەڵویستى خۆیان دیارى بکەن، چونکە پۆستى سەرۆکوەزیران بە ئیستیحقاقى شیعەکان دادەنرێت". . لەگەڵ ئەوەشدا شیروان میرزا باسى لەوەکرد، هەڵویستى کورد بەرانبەر هەر کەسێک پەیوەستە بەچەند بنەمایەکى نەگۆڕەوە، لەوانە پشکى کورد لە حکومەت، هەڵویستى بەرانبەر هەرێم وەکو قەوارەیەک، ماددەى ١٤٠ و شایستەى جوتیاران و پرسەکانى دیکەى پەیوەست بە هەرێم.