کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- نوسینگەى مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان داواى لە داواکارى گشتى کرد رێکارى پێویست بگرێتە بەر، بۆ لێکۆڵینەوە لە بانگەشەى وەرگرتنی بەرتیلێک بە بڕی 250 ملیۆن دۆلار لە کۆمپانیایەکی نەوتی. . نوسینگەى مەسرور بارزانى ئەمرۆ لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند "لە نووسینێکدا کە بە ناوی سەرچاوەیەک لە دەزگای زانیارییەوە بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بە وەرگرتنی بەرتیلێک بە بڕی 250 ملیۆن دۆلار ( دووسەد و پەنجا ملیۆن دۆلار) لە کۆمپانیایەکی نەوتی کراوە. لە میانەی بەرنامەی چاکسازیی حکومەتی هەرێمدا ڕێوشوێنی توندمان بەرامبەر بە بابەتی بەرتیل دان و بەرتیل وەرگرتن گرتووەتەبەر". . ئاماژە بەوەشکراوە "داواکارین هەرچی زووە داواکاری گشتی رێکاری پێویست بگرێتە بەر و ئەو لایەنەی کە بانگەشە دەکات بەڵگەی لایە با زانیاری و بەڵگەکان بخاتە بەردەم داواکاری گشتی . ئەگەرنا با بەرپرسیار بن لەبەرامبەر تۆمەتبەخشینەکانیان". . لە ڕاگەیەنراوەکە ئەوەش خراوەتەڕوو "هەر لێرەدا بە ناوی سەرۆکی حکومەتەوە داوا لە گشت لایەنەکان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەکەین دۆخەکە هێوربکەنەوە و پەرە بە موزایەدات و گرژیی سیاسی لە هەرێمدا نەدەن و با هەموو تواناکانمان یەکخەین بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختە و خزمەتی گەل و نیشتمانمان".