گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نیشانە و ئازارەکانى کۆرۆنا چین و هەستى بە چى کردووە؟

چاکبوویەکى ڤایرۆسى کۆرۆنا چۆنیەتى توشبوونى بە ڤایرۆسەکە بۆ ناس کورد دەگێڕێتەوە [تایبەت] 

2020.03.18 - 21:57
چاکبوویەکى ڤایرۆسى کۆرۆنا چۆنیەتى توشبوونى بە ڤایرۆسەکە بۆ ناس کورد دەگێڕێتەوە [تایبەت] 
ناس کورد- شەهرام عەزیز ناس کورد چیرۆکی توشبوویەکی کۆرۆنا لە هەرێمى کوردستان دەگێڕێتەوە کە تەمەنی ٥٣ ساڵە و دوای گەڕانەوەی لە وڵاتى ئێران ڕاستەوخۆ چووەتە کەرەنتینەوە و دواتر دەرکەوتووە کە هەڵگرى ڤایرۆسەکەیە، بەڵام لەئێستادا چاکبووەتەوە و گەڕاوەتەوە ناو خێزانەکەی. . توشبووەکە ناوی شوان عەبدوڵایە و بۆ ناس کورد ئاماژەى بەوە کرد ،کاتێک پزیشکەکان پێیان وتووە توشی ڤایرۆسەکە بووە، نائومێدییەک دایگرتووە، بەڵام دواتر ورەیەکی داوە بەخۆیی و لە شوێنی مانەوەکەیدا لە نەخۆشخانە جوڵە و وەرزشی کردووە. دەشڵێت، کاتێک پێیان وتووە چاکبووەتەوە، وای زانیوە تازە لە دایکبووەتەوە و سەرەتای ژیانێکی نوێی بینیوە. .   لەم گفتوگۆیەدا لەگەڵ ناس کورد، شوان عەبدوڵا، یەکێک لە چاکبووەکانى ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمى کوردستان و بەدیاریکراوی لە شاری سلێمانی چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە. .

چۆن توشی ڤایرۆسەکە بوو؟

. شوان عەبدوڵڵای تەمەن ٥٣ ساڵ کە لە وڵاتی ئێران دەخوێنێت و خوێندکارە لە سەرەتای ئەمساڵەوە چووەتە ئەو وڵاتە، ئەو دەڵێت: "ساڵانە لە وەرزی زستاندا توشی کۆکەیەکی وەرزی دەبم، نزیکی ٢٠ی شوبات بوو ئەو کاتەی تازە چەند کەسێک لە ئێران توشی کۆرۆنا ببوون، توشی ئەو کۆکەیە بووم، بەڵام ئەوەی جیاواز بوو، توشی لەرز و تایەک بووم کە ڕادەی لەرز و تاکە لەیەکەوە نزیک بوو، لەیەک کاتدا هەم لەرزم لێدەهات هەم گەرمام بوو". . شوان بەوهۆیەوە دەچێتە نەخۆشخانەیەک لە تاران و دوای پشکنین پێی دەڵێن: "هیچ عەیبت نییە" و هەندێک دەرمانی سەرەتایی پێدەدەن، بەڵام هەر باش نابێت و دوبارە دەچێتەوە بۆ نەخۆشخانەکە، بۆ دووەمجاریش هەندێک پشکنینی بۆ دەکەن، بەڵام بێخەبەرن لە کۆرۆنا، چونکە ئەوکات نەخۆشییەکە بەشێوەیەکی کەم لەو وڵاتە بڵاوببووەوە. . شوان عەبدوڵڵا دەڵێت: "نزیکەی ١٠ ڕۆژ بەو شێوەیە مامەوە و تەندروستیم باش بوو بڕیارم دابوو نەگەڕێمەوە، بەڵام دواتر کە زانیم لە هەرێمی کوردستان کەرەنتینە هەیە و ڕێکاری تەندروستی گیراوەتەبەر و تێکەڵی خەڵکیتر نابم ٤ی ئەم مانگە بڕیارمدا بگەڕێمەوە هەرێم". . ئەو بڕیاردەدات بگەڕێتەوە هەرێم و لە تارانەوە بەشی دواوەی تاکسییەک دەگرێت بۆخۆیی بۆ هەم خۆی بپارێزێت و هەم خەڵکیش، لەتارانەوە بەرەو شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێدەکەوێت و دواتریش لەوێوە لەگەڵ نزیکەی هەشت کەسی دیکەدا بە پاسێک دەچنە دەروازەی سنوری باشماخ. .

لە باشماخەوە بەرەو کەرەنتینە

. شوان عەبدوڵا کە لەکاتی گێڕانەوەی چیرۆکەکەیدا هەندێکجار دەکۆکی ئاماژەی بەوەكرد: "کە گەشتینە دەروازەی سنوری باشماخ لەگەڵ تیمێکی تایبەت لە هێزی ئەمنیی و پزیشک هاتینە شاری سلێمانی بۆ کەرەنتینە". . "من خۆم حەزم کرد سەردانی نەخۆشخانەی سەرچنار بکەم، بۆ ئەوەی پشکنینم بۆ بکرێت و پەیوەندیم کرد و هاتن بە دەممەوە، لەوێ پشکنینی تایان بۆ کردم هیچ دەرنەکەوت، دواتر هەندێک پشکنینی دیکەیان بۆ کردم و وتیان وا باشترە لێرە بمێنیتەوە تاوەکو سبەینێ پشکنینی دیکەت بۆ دەکەین"، شوان عەبدوڵا وادەڵێت. .

توشبوون بە کۆرۆنا و دروستبوونی نائومێدی

. رۆژی شەممە، ٨ی ئاداری ٢٠٢٠، پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ شوان عەبدوڵڵا ئەنجامدەدرێت و ئەو دەڵێت: "ڕۆژی یەکشەممە پشکنینەکەم دەرچوو، وامزانی دەڵێن عەیبت نییە و بڕۆرەوە ماڵەوە". . بەڵام پێی دەڵێن: "پشکنینەکەت پۆزەتیڤە و توشی ڤایرۆسەکە بویت"، ئەو دەڵێت: "دەستێکم خستە ئەملا و دەستێکم خستە ئەولا، نائومێدی و ترسێک دایگرتم کاتێک ڕەوانەی شوێنی تایبەت بە نەخۆشییەکەیان کردم و شوێنێکى سامناک و مەترسیدار بوو لە بەرچاوم، بەڵام کاتێك ورە بەرزی نەخۆشەکانی دیکە و ئەو مامەڵە جوانەی پزیشکان و کارمەندانی نەخۆشخانەکەم بینی ئاهێکم بەبەردا هاتەوە". . شوان لە وەسفکردنى چاکە و باشى کارمەندانى تەندروستى بەردەوام بوو: "بەڕاستی کارمەندان و پزیشکانی ئەو نەخۆشخانەیە نمونەی وەفاداری و مرۆڤ دۆستیین، من وامدەزانی لەوێ کەس ناوێرێت نزیکمان بێتەوە، بەڵام خۆشبەختانە ئەوەم لەنێو پزیشکان و کارمەندانی نەخۆشخانەکەدا نەبینی و بەپێچەوانەوە وەک برا و خێزانی خۆمان هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکردین و هەموو سەرە سەعاتێک دەهاتن و پشکنینیان بۆ دەکردین". . "من لەگەڵ کەسێکی دیکە لە ژوورێک بووین، ئەو دەرمانانەی پێمان دەدرا ئازار شکێن و شتی دیکە بوون کە من شارەزاییم نییە و نەمدەزانی چین، بەڵام متمانەم بە دڵسۆزی پزیشکەکانی ئەوێ هەبوو کە بە دڵسۆزانە کاری خۆیان دەکەن و هەوڵی پاراستنمان دەدەن، هەندیکیش هەبوون پێویستیان بەو دەرمانەنەش نەبوو". . دەربارەی ئەو حاڵەتانەی کە بەهۆی ڤایرۆسەکەوە توشی بووە، شوان عەبدوڵا ئاماژەی بەوەکرد: "ئەوەی هەمبوو، کۆکەی وشک و کەمێک ئارەق کردنەوە کە نازانم هی چی بوو ئارەقکردنەوەکە، هەروەها کەمێک خواردنم کەم ببووەوە و تام و لەزەتی خواردنم نەدەکرد، ئەوەی گرنگ بوو لەوێش وازم لە وەرزش کردن نەهێنابوو، هەر دەجوڵام و هەندێک وەرزشم دەکرد، بۆ بەرزبوونەوەی بەرگری لەشم". .  

چاکبوونەوە و دەسپێکردنی ژیانێکی نو‌ێ

. شوان عەبدوڵڵا لەدرێژەی گێرانەوەی چیرۆکەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد: "ڕۆژی سێشەممە پشکنینێکی دیکەم بۆ کرا، بەڵام ئومێدم نەبوو کە بەزوویی چاکببمەوە، چونکە تازە چوبووم، شەوی هەینی هاتنەسەرەوە بۆ لامان و چاوەڕێ بووم دەرمانی دیکەمان بدەنێ و تا بەیانی لێی بخەوم، بەڵام پێیان وتم تۆ ئیتر پێویست ناکات لێرە بمێنیتەوە و دەبێت بچیت بۆ لای ئەو نەخۆشانەی کە بەرەو چاکبوونەوە دەچن". . "ئەوە هەواڵێکی زۆر کتوپڕ و خۆشبوو و لە ژورری تایبەت چوومە دەرەوە، ڕۆژی شەممە پشکنینێکی دیکەم بۆ کرا و لە ڕۆژی یەکشەممە، وتیان تۆ چاکبوویتەوە و ڤایرۆسەکە لە لەشتدا نەماوە، ئیتر خێزان و منداڵەکانم هاتن بەشوێنمدا و گەڕامەوە بۆ ماڵەوە بۆ دەستپێکردنی سەرەتای ژیانێکی نوێ"، شوان عەبدوڵا وا دەڵێت. . ئەو ئێستا لە ماڵەوەیە و لە نهۆمی سەرەوەی ماڵی خۆیانە و بەگوێرەی ڕێنماییە تەندروستییەکان و بۆ دڵنیایی خۆی زۆر تێکەڵاوی خێزانەکەی نابێت تاوەکو نزیکەی دوو هەفتەی دیکە. .    

چ ئامۆژگاری ئەو کەسانە دەکات کە لە کەرەنتینە دەترسن؟

. شوان عەبدوڵڵا باسی لەوەکرد: "من کاتێک کە بیستم کەرەنتینە هەیە بڕیارمدا بێمەوە، چونکە ناکرێت تۆ ببیتە هۆی توشبوونی چەندین کەس بە نەخۆشی و ئەوە لەڕووی ئاینیشەوە ڕێگەپێنەدراوە". . وتیشی: "ڕاستە کەرەنتینە حاڵەتێکی دەرونی ناخۆشی هەیە، بەڵام لەوە ناخۆشتر ئەوەیە بچیتە نەخۆشخانە، ڕاستە نەخۆشخانەش ناخۆشە، بەڵام لەوە ناخۆشتر ئەوەیە کە چەندین کەس بەهۆی خۆتەوە توشی نەخۆشی بکەی، بۆیە داواکارم لە هەموو ئەو کەسانەی لە ئێران گەڕاونەتەوە و نەچوونەتە کەرەنتینە بچن بۆ ئەوەی خۆیان و خێزان و کۆمەڵگەکەشیان توشی ئازار و نەخۆشی نەکەن و ئەوە وەک خیانەت وایە لە خۆیان و خێزان و نیشتیمانیان". . وتیشی: "ئومێد دەکەم پەیامی کۆرۆنا بگات بە خەڵک، کۆرۆنا پێمان دەڵێت ژینگە بپارێزین، وڵاتەکەمان بپارێزین، کۆرۆنا پێمان دەڵێت، نەک هەر ئێستا هەمووکات پاکوخاوێن بین و  خۆمان و خەڵکانی چواردەورمان بپارێزین، کۆرۆنا پێمان دەڵێت، مرۆڤایەتی هەمووی یەکێکە و پەیوەستە بەیەکەوە، کۆرۆنا پێمان دەڵێت، ئەو سیستمەی خوا دروستی کردووە تێکی مەدەن". . لە کۆتایی وتەکانیدا بۆ ناس کورد، شوان عەبدوڵا سوپاسی حکومەتی هەرێم و سەرجەم پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی سلێمانی و هەرێمی کرد و هیوای خواست سەرجەم نەخۆشانی دیکەش نەخۆشخانە جێبهێڵن و بگەڕێنەوە ماڵەوە، دەربارەی ئەوەشی گفتوگۆکەی بەناوی خۆیەوە بڵاوبکرێتەوە، وتی: "زۆر ئاساییە و من نەخۆشییەکەم پێ عەیب نییە و هیوادارم هەموو کەسێک کە توش دەبێت بەشتێکی ئاسایی وەریبگرێت". .