گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کۆرۆنا ژیانى بەرکەوتوانى چەکى کیمیاوى شەڕى عێراق و ئێرانى خستۆتە ژێر هەڕەشەوە 

2020.03.18 - 21:31
کۆرۆنا ژیانى بەرکەوتوانى چەکى کیمیاوى شەڕى عێراق و ئێرانى خستۆتە ژێر هەڕەشەوە 
ناس کورد- بەهۆی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە شێوەیەکی کۆنتڕۆڵ نەکراو لەوڵاتى ئێران، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە هۆشداری دەدەن لە مەترسی توشبوونی توێژێکی دیاریکراوى کۆمەڵگای ئێرانی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، جەختدەکەنەوە ئەو توێژە ژیانیان لەژێرهەڕەشەی مردندایە کە ئەگەرهاتوو ڤایرۆسەکە بەرۆکیانی گرتەوە. . بەگوێرەی ڕاگەیاندراوێکی دامەزراوەی کاروباری شەهیدان و چەکدارە دێرینەکانی ئێران، هۆشداریدراوە لە توشبوونی سەربازو چەکدارە دێرینەکانی ئێران کە لە شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێراندا له هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بەشداربوون وبەشێکی زۆریان بەرکەوتووی چەکی کیمیایین بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، چونکە بەرگریی لەشیان زۆر لاوازە، بۆیە داواکراوە لە خانەوادەکانیان چاودێری وردیان بکەن. . هاوکات میدیاکانی ئێران، بڵاویانکردوەتەوە، کە لە ئێستادا حکومەتی ئێران ترسێکی زۆری هەیە لە توشبوونی دەیان هەزار کەس لە قوربانیانی چەکی کیمیایی کە لە ئاکامی شەڕی عێراق وئێراندا بەرکەوتوون، چونکە ئەوانە لە بنەڕەتدا کێشەی تەندروستیان هەیە لە کۆئەندامی هەناسەدان وسییەکانیاندا. . بە گوێرەی ئامارەکانی حکومەتی ئێران، 100هەزار ئێرانی لە سەردەمی شەڕی عێراق وئێراندا بەچەکی کیمیایی ڕژێمی سەدام برینداربوون، ساڵانێکی زۆریش بە هۆی بەرکەوتنیان بەو چەکەوە بەدەست چەندین کێشەی تەندروستیەوە دەناڵێنن. .   ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ(چوارشەممە) حکومەتی ئێران ڕایگەیاند، بە هۆی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە تەنها ئەمڕۆ 147 کەس گیانیانلەدەستداوە، ئاماژە بەوەشکراوە ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ئەم پەتایەوە تائێستا لە ئێران مردوون بەرزبووەتەوە بۆ 1135 کەس . . لە ڕاپۆرتێکی ئێزگەی" لیبرتی" ئێرانیدا، بڵاوکراوەتەوە، فەیزولا عەربوخسی، چالاکوانی سیاسی ئێرانی کە هاوکات یەکێکە لە ڕیفۆرمخوازەکانی ئێران، لە تویتێکدا وتوویەتی:" تائێستا 18 کەس لەوانەی کە بەرکەوتووی چەکی کیمیایی  بوون بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیانلەدەستداوە". . ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، مورتەزا مالک وهۆجاتوو سەلام ، کە دوو فەرماندەی پێشووی سوپای پاسدارانی ئێران بوون کە هەردووکیشیان بەرکەوتووی چەکی کیمیایی شەڕی عێراق وئێران بوون پێش چەند ڕۆژێک بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیانلەدەستداوە. . دەسەڵاتدارانی ئێرانیش  تائێستا هیچ ئامارێکی دەرباری گیانلەدەستدانی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕانەگەیاندووە، بەڵام هۆشداریداوە کە دەبێت ئەو کەسانە بەوردی چاودێری بکرێن. .