گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەنجومەنی وەزیران تاوتوێی چەند بژاردەیەکی کردووە

چارەنوسی موچەى فەرمانبەران لەنێوان پاشەکەوتێکی تر یان بڕینی دەرماڵەدا (تایبەت)

2020.03.17 - 21:26
App store icon Play store icon Play store icon
چارەنوسی موچەى فەرمانبەران لەنێوان پاشەکەوتێکی تر یان بڕینی دەرماڵەدا (تایبەت)

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- هەرچەندە بەشێکی زۆر لە وڵاتانی جیهان بە دەست قەیرانی بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیریان خواردووە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرباری ئەو بەڵا تەندروستییە، بەدەست قەیرانی دارایی و دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوتیش دەناڵێنێت. . بەپێی زانیارییەکانی ناس کورد، حکومەتی هەرێم دەیەوێت لە نزیکترین کاتدا پڕۆژەیاسای چاکسازی جێبەجێکات، بە ئومێدی گەڕانەوەی هەندێک داهات بۆی چونکە هەر بەگوێرەی زانیارییەکان، حکومەت بیر لە جۆرێکی دیکەی پاشەکەوت دەکاتەوە. . ئەمڕۆ سێشەممە، 17ی ئاداری 2020 ئەنجومەنی وەزیران کۆبووەوە و تاوتوێی ڕێکارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئاستەنگەکانی بەردەم حکومەت بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە کرا، کێشەکە ئەوەیە قەیرانی دابەزینی نرخی نەوت بەرۆکیی عێراقیشی گرتووە و پێدەچێت بەغدا نەتوانێت پارەى هەرێم وەک جاران بنێرێت. . لەوبارەیەوە سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیران بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەدا ئەوەی بە گرنگییەوە باس کراوە، جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی بووە بەمنزیکانە و بەخێرایی". . وتیشی، حکومەت بیری لەوە کردووەتەوە بە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، بڕێک لە داهاتی بۆ دەگەڕێتەوە و خەرجییەکانیشی کەمتردەبنەوە. . بەگوێرەی هەندێک زانیاری کە دەست ناس کورد کەوتووە، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا باس لە دووبارە کەمکردنەوەی موچەی فەرمانبەران کراوە وەک پاشەکەوتی چەند ساڵی ڕابردوو، بەڵام ئەمجارە بە یاسایی بکرێت و دەرماڵەی فەرمانبەران کەمبکرێتەوە کە پێدەچێت ئەو کارە لەگەڵ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیدا بکرێت. . بەپێی زانیارییەکان، تاوتوێی کەمکردنەوەى دەرماڵەی فەرمی موچەخۆران بە مانایەکی تر کەمکردنەوەى موچەى فەرمانبەران کراوە بە فەرمی و کەمکردنەوەکەش دەبێتە هەمیشەیی نەک وەک پاشەکەوت بەڵێنی دانەوەى بدرێت. . ئەوە لەکاتێکدا لەئێستادا بەهۆی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەوامی مامۆستایان و فەرمانبەران ڕاگیراوە. . بەڵام لە ڕاگەیەنراوی فەرمی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، "بڕیاردرا بەم زووانە كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە نەوت و گاز ئەنجام بدرێت بە مەبەستی تاوتوێكردنی دەرفەتەكانی ڕێكخستنەوەی داهات و خەرجییەكانی نەوت وگاز بە ڕەچاوكردنی بارودۆخی دارایی و لێکەوتە داراییە نەرێنییەکانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەكان." . کێشە داراییەکانی هەرێم هەر دابەزینی نرخی نەوت نییە، بەڵکو ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەدەغەکردنی هاتوچۆی هاووڵاتیان و داخستنی بەشێک لە سنورەکان کێشەیەکی دیکەی دارایی هەرێمە، ناس کورد زانیویەتی، لەئێستادا داهاتی ناوخۆی هەرێم لە 180 ملیار دینارەوە بۆ 20 ملیار دینار دابەزیوە. . هاوکات دوێنێ دووشەممە، 16ی ئازاری 2020، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم ڕایگەیاند: "ئەم کابینەیە ئابورییەکی تێکشکاو و کۆمەڵێک قەرزی زۆری بە میراتی بۆ ماوەتەوە کە هی خۆی  نییە و هی کابینەی ڕابردووە". .  لە ئێستادا موچەی فەرمانبەران بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆوە وەستێندراوە و تائێستا موچەی مانگی 12ی ساڵی ڕابردوویان پێنەدراوە، هەرچەندە وەزیری دارایی لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد، موچە ئامادەیە و هەرکات قەدەغەی هاتوچۆ لابردرا دابەشی دەکەن.