گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

قوباد تاڵەبانی پەیامێک ئاڕاستەى عێراقییەکان دەکات.. وەک ئێمە بکەن

2020.03.17 - 17:09
قوباد تاڵەبانی پەیامێک ئاڕاستەى عێراقییەکان دەکات..  وەک ئێمە بکەن
ناس کورد- قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی ئاڕاستەی هاوڵاتیانی عێراق کرد و تێدا داوا دەکات پابەندی ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بن. .  لە پەیامەکەی قوباد تاڵەبانیدا هاتووە: "برا و هاورێ و خۆشەویستەکانم لە هەموو شارەکانی عێراق، داواتان لێدەکەم لەم دۆخە هەستیاردا کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە شێوەیەکی مەترسیدا لە هەموو جیهاندا بڵاوبووەتەوەکە عێراقیش بەشێکە لەم جیهانەدا، هەموو ئەو ڕێکارانەی کە ڕۆژانەی لە ئەنجامی پەرەسەندی ڤایرۆسەکەدا داوا دەکرێت پەیڕەو بکرێت بۆ ئەوەی دووچاری زەرەرێکی گەورە نەبنەوە و قوربانییەکان تا بکرێت کەمبکرێتەوە". . تاڵەبانی لە پەیامەکەیدا دەشڵێت: "دەبێت ئەو ڕێکارانە بەپەلە جێبەجێبکرێن بۆ ئەوەی وڵاتەکەمان نەبێت بە سەرچاوەیەکی مەترسیدار بۆ ئەو ڤایرۆسە کوشندیە کە نەتوانرێت  لە دوایشدا کۆنتڕۆڵ بکرێت". . جەختیشیکردەوە کە "بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڤایرۆسە ناچاربووین وەک ئەوەی بیستووتانە لە هەرێمی کوردستان چەندین ڕێکارمان گرتووەتە بەر وەک قەدەغەکردنی هاتوچۆ، کەرنتینە کردن و پاگژەکردن، ئەوەی ئێمە جیادەکاتەوە لەوڵاتانی دیکە ئەوەیە بە خێرایی پێش ئەوەی ڤایرۆسەکە هاوشێوەی وڵاتانی جیهان تەشەنەبکات ئەو ڕێکارانمان پەیڕەو کرد". .  قوباد تاڵەبانی لە پەیامەکەیدا نیگەرانی وترسی خۆی لەسەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شارەکانی دیکەی عێراق نیشانداوە لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی ڕێکارە تەندروستییەکان و دەڵێت: "هاوخەمی ئێوەین و نیگەرانین لە پابەند نەبوونتان بە ڕێکارە تەندروستییەکان، چونکە ئەو پەتایە جیاوازی ناکات لە نێوان مرۆڤەکاندا، بۆیە داواتان لێدەکەم وەک برایەک وهاوڕێیەکی ئێوە و کوڕی سەرکردەیەکی عێراقی کە ئێوەی خۆشویستووە کە هەمووتانیش ئەوتان خۆشویستووە لە هەستیاری دۆخەکە تێبگەن داواتانڵێدەکەم  لە ماڵەکانی خۆتاندا بمێننەوە و دووربکەونەوە لە تێکەڵبوون و تەوقەکردن ئەگەر بۆ کاری پێویست نەبێت". .  داواشی لە عێراقییەکان کردوه هاوکاری دەزگا تەندروستییەکان بکەن و دەڵێت: "هاوکاری دەزگا تەندروستییەکان بکەن، لەوەش گرنگترە ئەوەیە  لە ئێستادا هەموو بۆنە کۆمەڵایەتی و ئاینییەکانتان دوابخن بۆ کاتێکی دیکە تا ئەم بەڵایە لە کۆڵمان دەبێتەوە". .  لە کۆتایشدا تاڵەبانی دەڵێت: "خۆشەویستان پیرۆزییەکانی ئێوە پیرۆزی ئێمەشە، ڕابەرکانتان ڕابەری ئێمەشن ڕێز لە ڕێوڕەسمە ئاینییەکانتان دەگرین، بەڵام ئەم خاکە پێویستی بە ئێوەیە کە لەش ساغبن و دوور بن لە هەموو نەخۆشی و پەتایەک، بۆیە داواتان لێدەکەم لە ماڵەکانتان بمێننەوە، ئەم بانگهێشتەی منیش وەربگرن و ڕێزو سڵاو خۆشەویستیم هەیە بۆ خانەوادەکەتان  هیوادارم بە خۆشی بتانبینمەوە کاتێک ئەم قەیرانە پێکەوە تێپەڕدەکەین".