کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- وەزارەتى پێشمەرگە ڕایگەیاند، لەهەوڵی دۆزینەوەی رێگا چارەیەکی گونجاون بە دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ دابەشکردنی مووچە لەزووترین کاتدا، هەر کەس و لایەنێکیش هانی پێشمەرگە بدات لەگرتنەبەری رێککاری پێچەوانەی یاساو پرەنسیپەکانی سەربازی، رووبەڕوی دادگا و یاسایان دەکەنەوە. . وەزارەتەکە ئەمڕۆ لە ڕونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند "بەباشی لەدۆخ و گوزەرانی هێزەکانی پێشمەرگە تێدەگەین و بەسنگفراوانیەوە پێشوازی لەنیگەرانی و سەرنجەکانیان دەکەین لەسەر ماف و شایستە داراییەکانیان، بەڵام بەتوندی لەبەرامبەر هەر موزایەدەو ناوزڕاندنێک دەوستینەوە کە لەرێگەی ئەو پرسەوە بەوەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانمان بکرێت". . ئاماژەى بەوەشکردووە "روونە کە رێککارەکانی لیژنەی باڵای حکومەت بۆ رووبەڕووبونەوەی پەتای کۆڕۆنا و رێنمایەکانی وەزارەتی تەندروستی، بۆتە هۆکاری دابەش نەکردنی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگه، حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەرێگەی وەزارەتی پێشمەرگه و وەزارەتی داراییەوە لەهەوڵی دۆزینەوەی رێگا چارەیەکی گونجاون بە دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ دابەشکردنی مووچە لەزووترین کاتدا، بەجۆرێک زیان نەگەینێت بەپڕۆسەی کەرەنتینەی گشتیی وتەندروستی هەمووان". . وەزارەتى پێشمەرگە جەختیکردووەتەوە، "لەسۆنگەی بەرپرسیاریێتی نیشتمانیی و ئەخلاقیمانەوە، پابەندی خۆمان بەو رێککارو بڕیارانە دووپاتکردۆتەوە، هەر کەس و لایەنێکیش تەشهیر و ناوزڕاندن بکا و هانی پێشمەرگە بدات لەگرتنەبەری رێککاری پێچەوانەی یاساو پرەنسیپەکانی سەربازی، رووبەڕوی دادگا و یاسایان دەکەینەوە".