ناس کورد-
سەرۆکى فراکسیۆنى یەکێتى لە پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، لایەنە شیعییەکان سەرقاڵى یەکلاکردنەوەى کاندیدى پۆستى سەرۆکوەزیرانن، پێش ئەوەى وادەى دەستورى لەو بارەیەوە کۆتایی بێت و هەڵوێستى کوردیش لەو بارەیەوە دەکەوێتە دواى ڕاسپاردنى کاندیدەکە.
.
چاوەڕواندەکرێت ئەمشەو لایەنە شیعییەکان کاندیدى سەرۆکوەزیران ڕادەستى سەرۆککۆمار بکەن، تا ئەویش بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێ ڕایبسپێرێت.
.
جوان ئیحسان سەرۆکى فراکسیۆنى یەکێتى لە پەرلەمانى عێراق بە ناس کوردى ڕاگەیاند "بیستومانە کە لایەنە شیعییەکان تەقریبەن لەسەر کەسێک رێککەوتون و کۆدەنگن لەسەرى، ئەویش نەعیم السهێلە کە بەهێزترین کاندیدە".
.
وتیشى "پۆستى سەرۆکوەزیران مافى لایەنە شیعییەکانە و ئەوان یەکلایی دەکەنەوە، هەرچەندە نەعیم السهیل لەسەر هیچ کوتلەیەکى پەرلەمانى حساب ناکرێت".
.
لەبارەى هەڵویستى کوردەوە، جوان ئیحسان وتى "لایەنەکان بەگشتى بۆ پۆستى سەرۆکوەزیران و هەر پۆستێکى دیکەى حکومەت، کەسێک کاندید ناکەن کە لەلایەن لایەنەکان و شەقامەوە رەتبکرێتەوە، بەڵام دواى ڕاسپاردنى و لەکاتى دانوستانەکاندا هەڵوێستەکان روندەبێتەوە".
.
لایەنە کوردییەکان پێشتر چوونە پاڵ بەرەى ئەو لایەنانەى کە دژى محەمەد عەلاوى ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانى حکومەت وەستابوونەوە، بەو هۆیەشەوە عەلاوى شکستیهێنا، دیاریش نییە ئەمجارە هەڵویستى کورد چى دەبێت.
.
سەرۆکى فراکسیۆنى یەکێتى وتى "ستراتیژى ئێمە عێراقێکى بەهێز و هەرێمێکى بەهێزە، هەر کەسێک ئەوە لەبەرچاو بگرێت و مافەکانى هەرێم دابینبکات ئێمە لەگەڵیدا دەبین".