کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد- سهرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له پهرلهمانی كوردستان رایگهیاند ئهوان بەھیچ شێوەیەک لەگەڵ دواخستنی دابەشکردنی موچەدا نهبوون و داوایان كردوە ڕێوشوێنێکی دروست بۆ دابەشکردنی موچە بدۆزرێتەوە. . عەلى حەمەساڵح، سهرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له پهرلهمانی كوردستان له میانهی بڵاوكردنهوهی بابهتێك له ههژماری خۆی له فهیسبوك ئاماژەى بەوەداوە، لە دوێنێوە گرژییەک لە نێوان گۆڕان و یەکێتی دروستکرا، بەھیچ شێوەیەک ئێمە لەگەڵ دواخستنی دابەشکردنی موچەدا نەبوین، بەڵام حکومەتی ھەرێم قەدەغەی ھاتووچۆی راگەیاند ودابەشکردنی موچەش راگیرا ئێستاش داوامانکردوە ڕێوشوێنێکی دروست بۆ دابەشکردنی موچە بدۆزرێتەوە. . ئەوەشى ڕونكردوەتەوە "ھەموان دەزانن ئەمە بڕیاری حکومەتەو بیانوەکە مەترسی بڵاوبونەوەی زیاتری کۆرۆنایە". لهبارهی پێكهاتهی كابینهی نوێی حكومهت، سهرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له پهرلهمانی كوردستان ئاماژه بهوه دهكات "ئەم کابینەیە بە بەشداری پارتی و یەکێتی و گۆڕانە، ھەریەکەیەكیش بەئەندازەی خۆی بەرپرسە، گۆڕان ھۆکار نەبوە بۆ دروستبونی ئەم ھەموو گەندەڵی و قەیران و گرفتە کە بەرھەمی حوکمڕانی رابردوو و ئێستاشە، بەڵام کەچوەتە حکومەت بەرپرسیارە لە چاککردنی و رایگەیاندوە بۆ چاککردن چوەتە حکومەت، ئەگەر گۆڕان جارێک بەرپرسیار بێت، پارتی و یەکێتی کە ھۆکاری ئەم دۆخەن بێگومان بەرپرسیاریەتیان زۆر زیاترە، نەک بیانەوێت بە وتارێک خۆیان لە بەرپرسیاریەتی دەرباز بکەن!". . ئەو پەرلەمانتارەى گۆڕان باسى لەوەشكردوە، بەداخەوە بەدەستپێشخەری ھەندێک کەس لە دوێنێوە گرژیەک دروستکراوە لە نێوان یەکێتی و گۆڕاندا، ویستی ئێمە دروستکردنی ئەم ناکۆکیە نیە، ھیچ خزمەتێکیش ناکات لەم دۆخەدا، دوای کۆنگرەو ھەڵبژاردنە نێوخۆیەکانی یەکێتی ئێمە ئومێدمان وایە قۆناغێکی نوێ لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان دەستپێبکەین و کاری ھاوبەشمان ھەبێت بەڵام دروستکردنی تۆمەتی ناڕەوا کاردانەوەی بەدواداھات، دوای ئەمە چی؟. . دەشڵێت: ئێستاش ئێمە باوەڕمان بە ڕێککەوتن و کاری ھاوبەش ھەیەو بەدڵنیایی ئەمەش نەفەسێکی ئارامی دەوێت، ئێمە باوەڕمان بە ھەماھەنگی و کاری پێکەوەیی ھەیە بۆ چاکسازی، لێکتێگەشتنی گۆڕان و یەکێتی و پاشان کۆبونەوەی سێ قۆڵی بۆ چاکسازی، ئەمە بژاردەی دروستە، نەک دروستکردنی تۆمەتی ناڕەوا، ئەگەر بڕیاری ھەماھەنگی بۆ چاکسازی ھەبێت بە دڵنیايی ھاوکاری جدین، بەمەرجێک ھیچ ھەماھەنگیەک لەسەر چاوپۆشی لە دزی و گەندەڵی کەس نەبێت. .