کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- ڕەنگە بیستبێتت کە دەڵێن "دنیا دەوران دەورانە" یاخود "ئەمڕۆ لە منە و سبەینێ لە تۆ" ئەمە ڕێک بەسەر تیپی تۆپی پێی یانەی ووهاندا هاتووە، لات سەیر نەبێت کە تیمی یانەی ووهان لە ترسی کۆرۆنا وڵاتی ئیسپانیای جێهێشت و گەڕایەوە وڵاتەکەی خۆیان، چونکە ئێستا ووهان لە ئیسپانیا سەلامەتترە. . بەگوێرەی هەواڵێکی ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی، تیپی تۆپی پێی یانەی "ووهان ئێف سی" کە لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری ووهان چینیان جێهێشت و ڕوویانکردە ئیسپانیا، ئێستا بەهۆی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسەکە لە وڵاتی ئیسپانیا دەگەڕێنەوە وڵاتەکەی خۆیان. . مارکا بە سەرسوڕمانەوە نوسیویەتی: "ئێستا بۆ ئەوان ووهان سەلامەتترە لە ئیسپانیا، بەوپێیەی ئێستا ئیسپانیا لەدوای ئیتاڵیا زۆرترین ژمارەی توشبووی بە کۆرۆنای لە ئەوروپا تێدایە و باری نائاسایی لە وڵاتەکە ڕاگەیەندراوە". . پاش مانەوەیان بۆ نزیکەی دوو مانگ لە ئیسپانیا، یاریزانانی یانەی ووهان خۆیان پێچاوەتەوە و بەرەو فڕۆکەخانەی پابلۆ بیکاسۆ لە شاری مەلەگە ڕۆشتوون تا بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان. . تائێستا لە ئیسپانیا زیاتر لە شەش هەزار کەس توشی کۆرۆنا بوون و 196 کەسیش بە ڤایرۆسەکە گیانیانلەدەستداوە و زیاتر لە 500 کەسیش چاکبوونەتەوە.