گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەمریکای ترەمپ مۆدێلێکی باشی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا نییە لە جیهاندا

2020.03.14 - 19:29
ئەمریکای ترەمپ مۆدێلێکی باشی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا نییە لە جیهاندا
بەدواداچوونی تایبەت - ئالان م-نوری سەرەڕای ئەوەی سەرهەڵدانی حاڵەتی پەتای تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دوو هەفتە لە چاو ئیتالیای سەنتەری بڵاوبوونەوەی ئەورووپادا دواکەوت، و حکومەتەکەی ترەمپ دەیتوانی لە هەڵەی وڵاتانی دیکە دەرس وەربگرێت، بەڵام ئامارەکانی تووشبوون لە ئەمریکادا ئەوە بە ئاشکرا دەردەخەن کە هەموو گفتەکانی ترەمپ دەربارەی ژمارەی تووشبوان وپێشبینییەکانی بۆ داهاتووی نزیک، هەر هەمووی هەڵە و بێ بنەما بوون. لەو هەفتەیەدا کە ترەمپ پێشبینیی کرد ژمارەی تووشبوان ببێت بە سفر، ژمارەکە گەیشتە زیاد لە هەزار کەس و تا کاتی نووسینی ئەم بابەتە گەیشتۆتە 1663 کەس و لەوانە 40 کەس گیانیان لەدەست دا. . سەرۆکێکی بێئاگا رۆژی 11 ئازار لە ئۆفیسی خۆی لە کۆشکی سپییەوە ترەمپ هەوڵی دا زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی وڵاتەکەی بخاتە ئەستۆی ئەوروپا و رایگەیاند کە بۆ ماوەی مانگێک سنوورەکانی ئەمریکا بەڕووی خەڵک و شتوومەکی ئەوروپادا دادەخات، و ئەم داخستنەش بەبێ هۆیەکی زانراو بەریتانیا ناگرێتەوە.  هەروەها بە بێ بنەما رایگەیاند کە تێستی کۆرۆنا بۆ هەموو هاووڵاتیان بەردەستە. .. وتارەکەی کۆشکی سپی بێمتمانەیی بازاڕەکانی ئەمریکای بە خۆی و حکومەتەکەی گەیاندە ئاستی ئەوەیکە دەست بەجی، بۆ دووەمجار لە هەفتەیەکدا، مێکانیزمی ئۆتۆماتیکیی راگرتنی بۆرسەی ئەمریکا بۆ ماوەی 15 خولەک بەکاربهێنرێت لە پێناوی بەرگرتن بە هاڕەی پێوەرە سەرەکییەکانی بازاڕی واڵ ستریت لە نیویۆرک. . چەند سەعاتێک دوای وتارەکەی، هاووڵاتیان و خاوەن مافی نیشتەجێیی ئەمریکا کە لە ئەوروپا بوون کەوتنە دڵەڕاوکی و بە پەلە کڕینی بلیتی گەڕانەوە پێش ئەوەی بڕیارەکە بچێتە جێبەجێکردنەوە. داوا بەدوای ئەمە، حکومەتی ئەمریکا روونکردنەوەی دا کە ئەو داخستنی سنوورە هاووڵاتیانی ئەمریکا و خاوەن مافی نیشتەجێیەکان ناگرێتەوە. خۆیشی لەسەر تویتەر رایگەیاند شمەک و کاڵا ناگرێتەوە. . ئەوەی تا ئەمڕۆش خۆی و بەڕێوبەرانی دەسەڵاتی تەندروستی لە ئەمریکادا ناتوانن پاساوی بۆ بهێننەوە ئەوەیە کە چۆن و بۆچی وڵاتێکی وەکو پورتوگال، بۆ نموونە،  دەرگەی بەڕوودا دابخرێت کە تەنها 78 حاڵەتی تووشبوونی تێدایە، بەڵام بەڕووی بەریتانیادا کراوەبێت کە 590 تووشبووی تێدایە؟ . هەروەها چۆن دەکرێت باسی نەخۆشیی هاوردە بکرێت لە کاتێکدا زۆربەی هەرەزۆری ئەو 1663 کەسەی تووشبووی ئەمریکا لە ناو ئەمریکا خۆیدا تووشبوون؟ . کێ و چۆن و بەچەند تێست بکات؟ هەر لەگەڵ دەرکەوتنی یەکەمین حاڵەتی گواستنەوە لە ناوخۆی ئەمریکا، لە 26ی مانگی رابوردوودا، پسپۆڕانی پزیشکی و خەڵکی ئەمریکا بە گشتی داوا دەکەن کە نەک تەنها ئەوانەی لە وڵاتانی دیکەوە دێنە ئەمریکاوە و گومانی تووشبوونیان لێدەکرێت، بەڵکو هەرکەسێک کە گومانی تووشبوونی لێدەکرێت، تێست بکرێت بۆ بەرچاو روونی دەربارەی ئاستی بڵاوبوونەوەی پەتاکە. بەڵام جگە لە لێدوانی بێ بنەمای ترەمپ دەربارەی ئامادەیی ئەو تێستانە، لە راستیدا هیچی ئەوتۆ نەکرا. بەپێی ئامارە رەسمییەکانی حکومەتی ئەمریکی تا 10ی ئازار تەنها 12540 کەس تێست کراون لە ئەمریکادا کە ژمارەی دانیشتوان تێیدا زیاد لە 327 ملیۆن کەسە. ئەمە بەرامبەر بە 210144 کەسی تێست کراو لە کۆریای باشوور کە ژمارەی دانیشتوان تێیدا نزیکەی 51.5 ملیۆن کەسە. واتە ئەوەی تا ئێستە ئەمریکا کردوێتی هاوشانی رۆژێکی تێستکردنە لە کۆریای باشوور! . پرسیاری ئەوەی کە کێ دەسەڵاتی تێستی هەیە و کێ مەسرەفی دەکات و کێ دەبێت تێست بکرێت، تا دوێنێش یەکلا نەکرابۆوە. کار گەیشتە ئەوەی لە کۆبوونەوەی لێپرسینەوەی پەرلەمانیدا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، کەیتی پۆرتەر، پاش ئەوەی روونی کردەوە کە ئەو جۆرە تێستە بە شێوەیەکی گشتی نزیکەی 1300 دۆلاری لە گیرفانی هاووڵاتی تێدەچێت، ئەگەر بیمەی تەندروستیی نەبێت، و بۆ بەرپرسی دەزگای سەنتەری کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکانی روونکردەوە کە هەفتەیەکە بە نامە تێیگەیاندووە کە ئەو مافی ئەوەی هەیە بە دانیشتوانی ئەمریکا رابگەیەنێت کە دەزگاکەی ئەو لە سەر حسابی حکومەت دەبێت ئەو تێستە ئامادە بکات بۆ هەر هاووڵاتییەک کە پێویستی بە تێست کردن بێت. پاش ئەوەی سێ جار لێی دووبارەکردەوە ئایا ئامادەیت بە هاووڵاتیان بڵێیت کە تۆ لە دەسەڵاتتدایە ئەو تێستە بۆ هاووڵاتیان لە سەر حسابی حکومەت فەراهەم بکەیت؟ ئەوچا ناچار بوو بڵێت بەڵێ، بەڵام ئامادە نەبوو بە خەڵک رابگەیەنێت کە ئەو دەسەڵاتەی یاسا پێیداوە بەکاری دەهێنێت! . پارەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، چەند و بۆ کێ؟ لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمریکادا، کاتێک کە ترەمپ دەیگوت 15 کەس تووش بووە و هەموویان بەرەوە چاکبوونەوە دەچن، تەنها داوای دوو ملیار دۆلاری کردبوو بۆ بەرەنگار بوونەوەی ڤیرۆسەکە، کاتێک کە دێمۆکراتەکان وتیان دەیانەوێت هەشت ملیار تەرخان بکەن، ئەو وتی هەرچەندە زیادە، بەڵام لاریمان نییە، گەر بماندەنێ سەرفی دەکەین.، کەچی دوێنێ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بە ئامادەیی هەموو بەرپرسانی بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە حکومەتەکەی حاڵەتی نائاسایی پزیشکیی راگەیاند و روونی کردەوە کە بەو بڕیارە نزیکەی 50 ملیار دۆلار بەردەست دەبێت بۆ بەرەنگار بوونەوەی پەتاکە. لە هەمان کۆنگرەی رۆژنامەوانیدا خۆی و بەرپرسەکانی بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا مژدەی ئەوەیان دا بە هاووڵاتیان کە لەگەڵ کۆمپانیاکانی تاقیگەی نەخۆشییەکان و گەورە بازاڕەکانی وەك واڵمارت و تارگێتدا رێککەوتوون کە "بەم زووانە" تێست ئامادەبکەن بۆ هاووڵاتیان و لە شوێنی پارکی بازاڕەگەورەکاندا خەڵکی دەتوانن بە سەیارەکانیان بڕۆن لەوێ تێست بکرێن و لە ماوەی شەو و رۆژێکدا وەڵامی تێستەکە وەرگرن. بەو مانایەی کە ئەوی کاثی پۆرتەری ئەندام کۆنگرس داوای کرد، بهێنرێتە دی لە ماوەیەکی زۆر کورتدا. . بەڵام، کۆمپانیاکانی بیمەی تەندروستی خێرا رایانگەیاند کە تێست بە خۆڕاییە نەک مانەوە لە خەستەخانە و عیلاج وەرگرتن! شایانی باسە ساڵانە، جگە لە حاڵەتی نائاسایی پەتادا، 68 هەزار کەس لە ئەمریکا دەمرن لە بەر ئەوەی پارەی خەستەخانەیان نییە.  . گووگڵ چی دەکات؟ لە هەمان کۆنگرەی رۆژنامەوانیدا، ترەمپ و کاربەدەستەکانی رایانگەیاند کە لەگەڵ کۆمپانیای گووگڵدا رێککەوتوون کە ماڵپەڕێکی تایبەت بۆ هاووڵاتیان بخەنە کار کە تێیدا هاووڵاتی نیشانەکانی نەخۆشییەکەی دیاری بکات و گووگڵ پێی بڵێت کە ئایا دەبێت تێست بکات یان نا، لە پاڵ ئەوەشدا نزیکترین شوێنی تێستیشی بۆ دیاری بکات.  . چەند سەعاتێک دوای ئەم راگەیاندنە، قسەکەرێک بە ناوی کۆمپانیایەک کە ناوی ڤێرلی یە رایگەیاند کە ئەوان بە یاریدەی ئەندازیارانی خۆبەخشی گووگڵ سایتێکی لەو جۆرەیان ئامادە کردووە بۆ هاووڵاتیانی ناوچەی بەی لە سانفرانسیسکۆ کە یەکێکە لە گەورەشارەکانی ولایەتی کالیفۆرنیا و هیوادار بوون لە ماوەیەکی نادیاردا بیخەنە بەر دەستی هەموو ولایەت و شارەکانی ئەمریکا، بەڵام لە ئێستادا تەنها ئەو کەسانە دەتوانن سوود لە ماڵپەڕەکە ببینن کە لە ناوچەی بەی شاری سانفرانسیسکۆن! . هەڵوێستی ترەمپ و حکومەتەکەی لە بەرەنگار بوونەوەی پەتای کۆرۆنا شایانی دیراسە کردنە لەلایەن هەموو حکومەتەکانی جیهان کە پەتاکە یان لە پەتاکە سەرقاڵی کردوون، بەک لەبەر ئەوەی کاری نموونەییان کردووە لەم بوارەدا، بەڵکو بە پێچەوانەوە، هەموو شتێکیان کردووە کە نابێت حکومەتێکی بەرپرس بەرامبەر بە هاووڵاتیانی بیکات.