گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیارى نوێ لەسەر توشبووەکەى کۆرۆنا لە هەڵەبجە...چۆن لەکەرەنتین دەرچوو؟

2020.03.14 - 13:21
زانیارى نوێ لەسەر توشبووەکەى کۆرۆنا لە هەڵەبجە...چۆن لەکەرەنتین دەرچوو؟
ناس کورد-   جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى سلێمانى ڕایگەیاند، ئەو کەسەى تووشى کۆرۆنا بووە لەسنورى هەڵەبجە، پێشتر لەکاتى کەرەنتینەکردنیدا لە سلێمانى پشکنینەکەى نێگەتیف دەرچووە، دواى دەرچوونى لە کەرەنتینە دەرکەوتووە کە هەڵگرى ڤایرۆسەکەیە. . شەوى ڕابردو وەزارەتى تەندروستى بەرزبوونەوەى ژمارەى توشبووانى ڤایرۆسى کۆرۆناى بۆ ٢٨ توشبوو ڕاگەیاند، کە یەکێکیان پیاوێکی تەمەن ٤٨ ساڵ خەڵکی (تەوێلە)ی سەر بە پارێزگای هەڵەبجەیە کە پێشتر لە ئێران بووە و کەرەنتین کرابوو . . هێرش سەلیم جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى سلێمانى بە ناس کوردى ڕاگەیاند "ئەو کەسە پێشتر لە سلێمانى کەرەنتین کرابوو، ئەوکات پشکنینى بۆ کراوە و دەرکەوتووە کە هەڵگرى ڤایرۆسەکە نییە". . وتیشى "دواى ١٤ مانەوەى لە کەرەنتینە، جارێکى تر پشکنین بۆ ئەو کەسە کراوەتەوە، بەڵام ئەو کە کاتەکەى تەواوکردووە رۆیشتووەتەوە ماڵەوە، دواى چەند کاتژمێرێک ئەنجامى پشکنینەکەى دەرچووە کە هەڵگرى ڤایرۆسەکەیە، بۆیە یەکسەر براوەتە شوێنى تایبەت بە چاودێریکردنى توشبووانى کۆرۆنا". . هێرش سەلیم باسى لەوەشکرد، وادەکە زۆر نەبووە و چەند کاتژمێرێک بووە، ڕێکارەکەش هەر بەو شێوەیەیە، کە کەسێک دەبرێتە کەرەنتین پشکنینى بۆ دەکرێت و دواى تەواوبونیش بەهەمان شێوە، بەڵام ئەنجامى پشکنینەکە چەند کاتژمێرێکى پێدەچێت. . توشبووەکە پێشتر لە رێگەى دەروازەى نێودەوڵەتى باشماخەوە لە ئێرانەوە گەڕاوەتەوە هەرێم و ڕاستەوخۆ ڕەوانەى کەرەنتین کرابوو لە سلێمانى، ئەوەش بەپێی ڕاگەیەنراوێکى تەندروستى هەڵەبجە کە شەوى ڕابردوو بڵاویکردەوە. . بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، دواى ئەوەى پشکنینەکان دەریانخستووە کە ئەو کەسە هەڵگرى ڤایرۆسەکەیە، خانەوادەکەى لەماڵى خۆیان کەرەنتین کراون،کەسێکیش کە لە نەخۆشخانەى کیمیاباران هەڵسوکەوتى لەگەڵدا کردووە، ڕەوانەى سلێمانى کراوە. . بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستى، لەکۆى (٣٢١٩) هاوڵاتى کەکەرەنتین کرابوون لە (٣٠) شوێنی جیاواز کە لەئێستادا تەنها (٨٤٢) هاوڵاتی لە کەرەنتین ماونەتەوە و (٢٣٧٧) هاوڵاتی دەرچوون و گەڕانەوە ناو خانەوادەکانیان دوای تەواو بوونی ماوەی دوو هەفتە لەگەڵ کەڕەنتین کردنی ژمارەیەکی تری بەردەوام .