گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەرهەم ساڵح كۆتا وادە دەداتە لایەنە شيعيەكان.. نەگەنە ئەنجام چى ڕودەدات؟

2020.03.12 - 20:29
App store icon Play store icon Play store icon
بەرهەم ساڵح كۆتا وادە دەداتە لایەنە شيعيەكان.. نەگەنە ئەنجام چى ڕودەدات؟

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- ڕاوێژکارێکی سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت، تائێستا لایەنە شیعییەکان نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەسەر کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، سەرچاوەیەکیش ئاماژە بەوەدەکات، سەرۆككۆمارى عێراق كۆتا وادەی پێداون كە تا دووشەممەى داهاتوە بۆ ئەوەى لەسەر پاڵێوراوێكى نوێ بۆ پۆستى سەرۆكوەزيران ڕێكبەون. ، بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە لایەنە شیعییەکان لیژنەیەکی حەوت کەسیان پێکهێناوە تا بگەنە ڕێککەوتنێک و پرسی دانانەوەی عادل عەبدولمەهدیش هاتووەتەوە بەرباس. ، هاوژین عومەر، ڕاوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق بە ناس کوردی وت: "بەپێی زانیارییەکانم تائێستا لایەنە شیعەکان بەردەوامن لەسەر گفتوگۆکردن، بەڵام تائێستا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەسەر کەسێک بۆ ئەوەی ناوەکەی بدەنە سەرۆککۆمار بۆ ڕاسپاردنی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عیراق". ، هاوکات مالێپەڕى شرق الاوسط لەزارى سەرچاوەيەكى سياسيەوە ئەوەى بڵاوكردوەتەوە، بەرهەم ساڵح تا ڕۆژى دوو شەممەى داهاتووی بۆ لایەنە شيعيەكان داناوە كە پاڵێوراوێك بۆ پۆستى سەرۆكوەزيران ديارى بكەن، تا ئەويش بتوانێت ڕايسپێرێت، ئەوەشى لەڕێگەى نامەيەكەوە كردوە كە بۆ سەركردە ديارەكانى شيعەى ناردوە. ، بەپێى زانياريەكانى سەرچاوەكە، سەرۆككۆمار لەنامەكەيدا داواى كردوە تا ڕۆژى دووشەممە پاڵێوراوەكەى پێشكەش بكەن، چونكە ماوەى دەستورى كۆتايى دێت كە دوو هەفتە بووە، هەر لەنامەكەدا ئەوەش هاتوە: "كۆتايى هاتنى ماوەى دەستوريى پێشێلكردنى دەستورەو هيچ بيانويەكى نييە، مادەى 76ى دەستور ڕێگە بە سەرۆككۆمار دەكات كەسێك كە خۆى بە گونجاوى دەزانێت ديارى بكات، ئەوەش سەرەڕاى بونى گەورەترين كوتلە". ، بەپێى بۆچونى سەرچاوەكە، سەرۆككۆمار پەنا بۆ ئەو بژاردەيە نابات كە خۆى پاڵێوراوێك ديارى بكات، چونكە دوو بابەتى سەرەكى لەبەرچاو دەگرێت، يەكەميان ئەوەيە كە ئەو پۆستە پشكى شيعەيە و نايەوێت بەهيچ شێوەيە ببێت بە بەشێك لە كێشمەكێشەكان، هەروەها بارودۆخى پێكهاتەيى ئاڵۆزى پەرلەمان لەبەرچاو دەگرێت كە لە چەندين پێكهاتەى نەتەوەيى و ئايينى و مەزهەبى جياواز پێكهاتوە. ، هاوکات پەرلەمانتارێکی کورد لە بەغدا کە نەیویست ناوی ئاشكرابکرێت بە ناس کوردی وت: "لایەنە شیعییەکان لیژنەیەکی حەوت کەسیان پێکهێناوە بۆ دیاریکردنی کەسێک بۆ ئەو پۆستە و کۆتایی هێنان بەو کێشانە". ، سەرچاوەکەی شرق الاوسط دەڵێت، هەر پاڵێوراوێك لەلايەن كوتلەكانى ناو پەرلەمانەوە ڕێكکەوتنى لەسەر نەكرێت ناتوانێت متمانە بەدەستبهێنێت، هەروەها ئێستاش كە ناكۆكى و دابەشبوون لەنێوان سەركردە شيعيەكاندا دروستبوە يەكێك لە بژاردەكان دوبارە ڕاسپاردنەوەى عادل عەبدولمەهدى سەرۆكوەزيرانى دەستلەكاركێشاوەيە ئەگەر سەركردە شيعەكان هەر نەگەنە ئەنجام، هەروەها نيمچە ڕێكەوتنێكى ئەمريكى - ئێرانيش لەسەر ناوبراو هەيە. ، لەبارەی گەڕانەوە عەبدولمەهدی پەرلەمانتارە کوردەکە پێیوایە قورسە ئەوە ڕووبدات و ئاماژەی بەوەکرد: "شەقامی عێراقی عەبدولمەهدی بە بکوژی خۆپیشاندەران دەزانن و هەرگیز بە گەڕانەوەی ڕازی نابن، لە ئەگەری ڕوودانی ئەوەشدا ئەوە شکستێکی دیکەی سیاسییە لە عێراق". ، هاوکات ڕاوێژکارەکەی سەرۆککۆماری ئەوەی خستەڕوو، ئەگەر ڕێککەوتن لەسەر عادل عەبدولمەهدی بکرێتەوە ئەوا پێویستە دووبارە دانوستان لەگەڵ لایەنەکاندا بکاتەوە و لە پەرلەمان متمانەی پێبدرێتەوە، نەک وەک ئێستا بەردەوامبێت لەسەر کارەکەی.