کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد-
سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت "ئەگەر یەكێتییەكان دیسان لێم توڕەنەبنەوە، كاك قوباد كە نیوەی هی ئێمەیە و نیوەكەی دیكەشی هی یەكێتی، هەر دەبێتەوە بە جێگری سەرۆكی حكومەت".
لەمیانەی لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لەپەراوێزی بەشداریكردنی لەبۆنەیەكی پارتەكەیدا، فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان وتی "دامەزراندنی حكومەت و رێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی دەبێتە هۆی دڵخۆشی خەڵكی كوردستان و یەكڕیزی كورد بەرامبەر بە پلانەكانی ناحەزانی كورد و كوردستان بەهێزتر دەكات".
لەبارەی رۆڵی ئەوان لەرێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی، میرانی ئاماژە بەوە دەكات كە بەبەرپرسانی پارتەكەی وتووە قەیدی چییە ئەگەر یاریدەدەرێكی سەرۆكی هەرێم یان وەزیرێكی هەرێم یاخود وەزارەتێكی زیاتر بدەن بە یەكێتی و جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە گرنگ ئەوەیە پێكەوە هەموو لایەنە سیاسیەكان بتوانن كوردستان بنیادبنێن.
سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی پابەندبوونی پارتەكەی بە رێككەوتنەكەی دوێنێ (چوارشەممە)ی نێوان مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی و كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی، دووپات كردەوە.
دوێنێ چوارشەممە 3ی نیسانی 2019 لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەكێتی لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ” پاش پەیوەندییەكی تەلەفۆنی نێوان كۆسرەت ڕەسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی و مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كورستان، لە پەیوەندییەكی دۆستانە، گەشتن بە ڕێككەوتنێكی هاوبەش بۆ پێگەی یەكێتی لە سیستمی حكومڕانی و سەرۆكایەتییەكان و وەزارەت و دەستەكان”.
هاوكات سەرچاوەیەك لە پارتی دیموكراتی كوەردستان بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند: “بەپێی رێككەوتنەكە، یەكێتی لەكابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا ئەم پۆستانەی پێدەدرێت: شەش وەزارەت و سێ دەستە و سێ بەرپرس لە ئەنجوومەنی ئاسایش، یاریدەدەری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی، جێگری سەرۆكی حكومەت، سەرۆكی پەرلەمان و سێ نوێنەری حكومەتی هەرێم”، بەڵام تا ئێستا یەكێتی كاندیدەكانی بۆ ئەو پۆستانە یەكلایی نەكردووەتەوە.